کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران گرێبەستی فرۆشی گازی لەگەڵ رێژیمی سووریە واژۆ کرد

19:42 - 29 خەزەڵوەر 2712

کوردستان میدیا: رێژیمی ئیسلامیی ئێران دروست کردنی هێڵێکی لوولە بە مەبەستی فرۆشی گاز بە سووریە، بە درێژایی ١٥٠٠ کیلۆمیتر دەست پێکرد.


دروست کردنی ئەو هێڵە لە کاتێک دایە کە زۆربەی وڵاتانی ناوچە گەمارۆیان خستۆتە سەر رێژیمی سووریە و بەشار ئەسەدیان بە کوشتنی هاووڵاتییانی بێ‌ تاوان مەحکووم کردووە.
رۆژنامەی واشینگتۆن تایمز بڵاوی کردەوە، ئەو هێڵی لوولەیە درێژایەکەی ١٥٠٠ کیلۆمیترە و تێچووی دروست کردنی ٢٢٥ کیلۆمیتری لە ئەستۆی رێژیمی تاران دەبێت.
بەپێی دوایین زانیارییەکان ئەو لوولە گازە رۆژانە ٢٥ میلیۆن میتری سێ‌‌جا گاز هەناردە دەکات.
چەند رۆژ لەمەوبەریش رێژیمی ئیسلامیی ئێران ٤٠ میلیۆن دۆلاری بە مەبەستی دروست کردنی بەنداوێک لە لوبنان بە حیزبوڵڵا دابوو.
مەجید نامجوو وەزیری وزەی ئێران رایگەیاند، ئەو بەنداوە لە ناوچەی بەلعای لوبنان دروست دەکرێ‌ و ئێمە بڕی ٤٠ میلیۆن دۆلارمان بۆ ئەو پرۆژەیە تەرخان کردووە.
پرۆژەی ئەو بەنداوە لەگەڵ دامەزراوەیەکی پاڵاوتنی ئاو لەلایەن کۆمپانیایەکی بەڵێندەری لوبنانییەوە بە پشتیوانیی سپای پاسدارانەوە جێبەجێ‌ دەکرێت.