کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری حیزبی دێمۆکرات لە دانمارک سەردانی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەی کرد

12:44 - 30 خەزەڵوەر 2712

کوردستان میدیا: نوێنەری حیزبی دێمۆکراتی کوردستان لە دانمارک سەردانی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەی کرد و لەگەڵ بەرپرسی سیاسیی ئەو وەزارەتە بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا دیداری پێک هێنا.


بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رێکەوتی ٢٩‌ی خەزەڵوەر دوکتور سەعید سوڵتان‌پوور لە وەزارەتی دەرەوەی دانمارک چاوی بە Jeppe Hallencruetz fogtmann کەوت و لەو دیدارەدا نوێنەری حیزبی دێمۆکرات پرسی بە ئەمنیەتی کردنی کوردستان و دژایەتی و سەرکوتی بزووتنەوەی نەتەوەیی، گیران و زیندانی کردن و تەنانەت لەسێدارە دانی چالاکانی مافی مرۆڤ، پێشێل کردنی مافی مرۆڤ لە ئێران کە بە شێوەیەکی سیستماتیک و بە بەرنامە لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە بەڕێوە دەچێ‌ت هێنایە بەر باس.
ئاڵو گۆڕەکانی ناوچە و رۆڵی تێکدەرانەی رێژیمی تاران لە رێگای نانەوەی ئاژاوە لە ناوچە، دەستێوەردان له کاروباری وڵاتانی دیکە، تەوەرێکی دیکەی باسەکانی ئەو دانیشتنە بوو.
سەعید سوڵتان‌پوور وتیشی: ئێمە وەک حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران پێمان وایە بە نەمانی یەکجاریی رێژیمی ئیسلامی ئێران وەک بناخەی کێشە لە ناوچە و پەرەپێدەری تیرۆریزم، زۆر کێشە و گرفتی ناوچە چارە سەر دەبن و نەتەوەکانی ئێرانیش دەتوانن سیستەمێکی دێمۆکراتیکی سێکۆلار و فیدراڵ لە ئێران دابمەزرێنن.
د. سوڵتان‌پوور ئەوەشی خستە روو، بۆ داهاتووی ئێرانێکی فێدراڵ بەشێک لە ئوپۆزیسیۆنی نەتەوە بندەستەکانی ئێران، کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵیان پێکهێناوە، بۆیە ئێمە کار دەکەین بۆ گۆڕینی یەکجارەکیی ئەو رێژیمە.
نوێنەری حیزب لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا پڕژاوەتە سەر کۆنگرەی ١٥ی حیزبی دێمۆکرات و سیاسەتەکانی پەسند کراو لەو کۆنگرەیەدا.
هەر لەو پێوەندییەدا بەرپرسی کاروباری رۆژهەڵاتی ناڤین لە وەزارەتی دەرەوەی دانمارک وتی: سەرەڕای ئەوەی کە ئێمەش بە وردی چاوەدێریی ئەو مەسەلانە دەکەین و ئاگاداری بارودۆخی ناوخۆی ئێرانین، بەڵام زۆر خۆشحاڵ دەبین کەلە زمان ئوپۆزیسیۆنی ئێرانەوە ئەو باسانە دەبیسین. ئێمە پشتیوانی لە خواستی دێمۆکراتیک و ئازادیخوازانەی کورد و هەموو خەڵکی ئێران دەکەین، بەڵام ئێمە وەک دەوڵەتی دانمارک دەرگای دیالۆگمان لەگەڵ رێژیمی ئیسلامی ئێران دانەخستووە.