کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راگەیەنەکانی رووسیە هەواڵی دانی چەکوچۆڵیان لەلایەن ئێرانەوە بە حەماس پژڕاست کردەوە

14:32 - 30 خەزەڵوەر 2712

کوردستان میدیا: دوابەدوای لێدوانەکانی لێپرسراوانی رێژیمی ئێران لەپێوەندیی یارمەتی کردن بە فەلەستین، چەکوچۆڵێکی زۆر لەلایەن ئەو وڵاتەوە بۆ حەماس نێردراوە.


ماڵپەڕی رادیۆ رووسیه وێڕای پژڕاست کردنەوەی ئەو هەواڵە بڵاوی کردەوە، سپای پاسدارن لە رێگەی وڵاتی سوودانەوە ژمارەیەکی بەرچاو چەکوچۆڵیان بە دەستی گرووپی حەماس گەیاندووە.
سەرچاوەکە ئاشکراشی کرد، هێزەکانی سەربە سپای پاسدارن و حیزبوڵڵای لوبنان بەمەبەستی پشتگیری لە حەماس لە حاڵەتی ئامادەباش دان.
لەلایەکی دیکەوە رێژیمی ئێران داوای لە میسر کردبوو کە رێگایان پێ‌ بدات سەردانی غەزە بکەن، داواکارییەک کە لەگەڵ دژایەتیی سەرکۆماری ئەو وڵاتە بەرەوڕوو بۆتەوە.
هەر لەو پێوەندییەدا حەسەن نەسروڵڵا رێبەری حیزبوڵڵا رایگەیاندووە، یارمەتیی غەزە لە ئەرکە ئایینییەکانمانە.
ئەو بەرپرسەی حیزبوڵڵا لەو باوەڕە دایە، پێویستە وڵاتانی دراوسێ‌ و یەکیەتیی ئورووپا لەباتی نێوبژیوانی پشتیوانی لە حەماس بکەن.
وڵاتانی ئورووپایی و عەرەبی چەند رۆژە لە هەوڵی کۆتایی هێنان بە شەڕی ئەرتشی ئیسراییل و حەماس لە کەرتی غەزە دان.