کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆکردنەوەی ماهوارە لە هەورامان بەردەوامە

19:16 - 30 خەزەڵوەر 2712

کوردستان میدیا: هێزە ئینتزامییەکانی رێژیم لە گوندێکی ناوچەی هەورامان، رژاونەتە نێو ماڵی خەڵک و چەندین ماهوارەیان زەوت کردووە و هەروەها داواکاریی ئەو هێزانە لەمەڕ هاوکاریی کردنی خەڵک لەگەڵیان وەڵامی نای پێ دراوەتەوە.

بەپێێ هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رێکەوتی ٢٩ی خەزەڵوەری ١٣٩١ی هەتاوی، هێزە ئینتزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە پاسگای دزڵی، رژاونەتە نێو گوندی دەرەکێ و وێڕای بێ‌حورمەتی کردن بە هاووڵاتییانی ئەو گوندە، دەستییان بەسەر چەندین دیشی ماهوارەی هاووڵاتییاندا گرتووە.
بە وتەی هاووڵاتییەکی ئەو گوندە کە شایەتحاڵی رووداوەکە بووە، هەوڵی ئەو هێزانە لەگەڵ ناڕەزایەتی ژنێک بەرەوڕوو بۆتەوە، ئەو ژنە ویستوویەتی پێش بە بردنی دیشی ماهوارەکەیان بگرێت، بەڵام هێزەکانی رێژیم وێڕای بێ‌حورمەتی، هەڕەشە دەسبەسەر کردنیان لێ کردووە.
هاووڵاتییانی گوندی دەرەکێ لەژێر گوشار و زەختی هێزەکانی رێژیم دان و هێزە ئینتزامییەکانی پاسگای دزڵی داوای هاوکارییان لە دانیشتوان و چەندین دووکانداری ئەو گوندە کردووە، بەڵام لەلایەن خەڵکەوە وەڵامی نایان وەرگرتووەتەوە.
بەپێی ئەم هەواڵە یەکێک لەو دووکاندارانە بە هێزەکانی گوتووە: ئێمە هیچ کەس موزاحێمەتی بۆ دروست نەکردووین هەتا لە کەسێک ناڕەزایەتیمان هەبێ و راپۆرتی بدەین، داوای هاوکاریی ئیوەش بۆ ئێمە جێبەجێ ناکرێت.