کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەیار کردنی گرووپى حەماس و شێوازی یارمەتییە نیزامییەکانی ئێران بەو گرووپە

19:19 - 30 خەزەڵوەر 2712

کوردستان میدیا: کاتێک کە حکوومەتی ئیسراییل هەواڵی کوژرانی فەرماندەیەکی پایەبەرزی نیزامیی گرووپی حەماسی بڵاو کردەوە، سرنجی زۆر کەس بۆ لای ئەوە راکێشرا کە ئاخۆ کەسێکی دیکە دەتوانێ‌ راهێنانی مووشەکی ئێرانی فجر ــ ٥ فێری ئەندامانی ئەو گرووپە بکات.

مووشەکی فجر ــ ٥ دروست کراوی ئێران و توانای پێکانی ئامانجەکانی هەتا مەودای ٧٥ کیلۆمیتری هەیە و گرووپی حەماس خاوەنی ١٠٠ دانە لەو مووشەکانەیه.
حەماس لەم دواییانەدا و لە کاتی شەڕ لەگەڵ ئەرتشی ئیسراییل ئەو مووشەکانەی بەکار هێناوە، بەپێی وتەکانی کارناسانی نیزامیی تەنیا کەسانێکی زۆر شارەزا و مەشقی پێکراو دەتوانن مووشەکی فجر ــ ٥ بەکار بێنن.
ناوەندە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسراییل رایانگەیاندووە، ئەو مووشەکانە لە ئێرانەوە رەوانەی سوودان دەکرێن و دواتر دەبردرێنە وڵاتی میسر و دەست و پێوەندییەکانی حەماس لەوێ‌ ئەو مووشەکانە پارچە پارچە دەکەن و لە رێگا نەهێنییە ژێر زەوییەکانەوە دەیبەنە فەلستین و لەئاکامدا بەدەستی حەماس دەگات.
تەنگەی رەفەح تەنیا رێگایەکە کە وڵاتی میسر بە کەرتی غەزە دەبەستێتەوە و رێگاکانی دیکەش لەژێر دەسەڵاتی ئیسراییل دان.
یەکێک لەو کەسانەی کە شارەزایی تەواوی لەو مووشەکانە هەبوو ئەحمەد ئەلجەعبری فەرماندە پایە بەرزەکەی حەماس بوو کە چەند رۆژ لەمەوبەر هەواڵی کوژرانی لەلایەن راگەیەنەکانی ئیسراییلەوە بڵاو کرایەوە.
لێپرسراوانی ئیسراییلی لەو باوەڕە دان ئەحمەد ئەلجەعبری لەلایەن رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە راهێنانی تەواوی پێ‌ کرابوو و ئەو مووشەکانەشی کە بە شێوەی پارچەپارچە کراو دەگەیشتنە کەرتی غەزە ئەو فەرماندەیە بە هاوکاری کارناسانی نیزامیی ئێران دەیخستنەوە سەر یەک.
هەر لەو پێوەندییەدا رامین میهمانپەرەست وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رێژیمی ئێران، هەواڵی ناردنی مووشەکی فجر ــ ٥ی بۆ حەماس پژڕاست کردۆتەوە.
ماڵپەڕی رادیۆ رووسیە وێڕای پژڕاست کردنەوەی ئەو هەواڵە بڵاوی کردەوە، سپای پاسدارن لە رێگەی وڵاتی سوودانەوە رێژەیەکی بەرچاو چەکوچۆڵیان بە دەستی گرووپی حەماس گەیاندووە.