کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرەی یەکگرتوویی ئوپۆزیسیۆنی سووریە وتووێژیان لەگەڵ رێژیمی ئێران رەت کردەوە

13:14 - 1 سەرماوەز 2712

کوردستان میدیا: لێپرسراوی بەرەی نەتەوەیی سووریە وتی، ئێمە هەر چەشنە وتووێژێک لەگەڵ رێژیمی ئیسلامیی ئێران رەت دەکەینەوە.


ئەحمەد مەعاز ئەلخەتیب لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی میسر ئەوەی خستە روو، ئێمە لەگەڵ رێژیمێک کە دەستی لە کوشتنی هاووڵاتییانی مەدەنیی سووریەدا هەبێت دانیشتن ناکەین.
مەعاز ئەلخەتیب به کاناڵی ئەلجەزیرە گوتووە: رەت کردنەوەی وتووێژ لەگەڵ رێژیمی ئێران ویستی هەموو ناڕازییانی رێژیمی سووریەیە.
هەر لەو پێوەندییەدا رێکەوتی ٢٨‌ی خەزەڵوەر لە تاران کۆبوونەوەیەک لەژێر ناوی وتووێژی نەتەوەیی سووریە بەڕێوە چوو.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە، لەو کۆبوونەوەیەدا دژبەران و لایەنگرانی سووریە زۆر بە راشکاوی پێکەوە دانوستانیان کرد.
ئەمە لەحاڵێک دایە کە بەرەی نوێی‌ ئوپۆزیسیۆنی سووریە بەشداری ئەو کۆبوونەوەیە نەبوون.
دوای تێپەڕینی زیاتر لە ٢٠ مانگ لە گرژی و نائارامییەکانی سووریە، لایەن و هێزەکانی ناڕازیی رێژیمی سووریە توانیان لە دۆحەی قەتەر بەرەیەکی یەکگرتوو پێک بێنن.
ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداو، وەزیرانی دەرەوەی یەکیەتیی عەرەب، ئەمریکا و فەرانسە و یەکیەتیی ئورووپا ئەو بەرەیان بە فەرمی ناسیوە.