کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی ژێرار شالیان کەسایەتیی سیاسیی ئورووپا، له دەفتەری سیاسیی حیزبی دێمۆکرات

13:37 - 1 سەرماوەز 2712

کوردستان میدیا: کەسایەتییەکی سیاسیی ئورووپایی و دۆستی دێرینی حیزبی دێمۆکرات و گەلی کورد، سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبیان کرد.


بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رێکەوتی ٣٠ی خەزەڵوەری ١٣٩١ی هەتاوی، ژێرار شالیان کەسایەتیی سیاسی و ناسراوی ئورووپایی و لێکۆڵەری جوغرافیای سیاسی و دۆستی دێرینی گەلی کورد و حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران، سەردانی بنکەی دەفتەری سیاسیی کرد و لەلایەن شاندێکی حیزبەوە بە سەرپەرستیی محەممەد نەزیف قادری ئەندامی دەفتەری سیاسییەوە پێشوازیی لێکرا.
بەڕێز شالیان ئامانجی سەردانەکەی بۆ لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندن لەسەر رەوشی سیاسیی ناوچە و بەسەر کردنەوەی دۆستان و راپەڕاندنی کۆمەڵێک کاری پێوەندیدار بەو سەردانەی خستەڕوو.
لەو دیدارەدا ئەو کەسایەتییە چەندین پرسیاری لەسەر رەوشی سیاسیی ئێران و کوردستان بەگشتی و کوردستانی ئێران بەتایبەتی، ئوپۆزسیۆنی ئێرانی، تێڕاوانینی حیزب دێمۆکرات لەسەر مەسەلەی سووریه و هەڵوێستی تورکیه و سعوودییە لەو پێوەندییەدا، لە هەیئەتی حیزبی پرسی کە لەلایەن بەڕێز محەممەد نەزیف قادرییەوە وەڵام درانەوە.
بەڕێز قادری سیاسەت و هەڵوێستی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێرانی لەپێوەندی لەگەڵ بابەتە وروژێنراوەکان بۆ شالیان روون کردەوە و گوتیشی: ئێمە لە بەرەی دژە تیرۆریزم داین و بۆ ئازادی و دێمۆکراسی و دابین کردنی مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد خەبات دەکەین و بۆ گەیشتن بەم ئامانجانە گرینگی بە خەباتە مەدەنی و جەماوەری و لە هەر شێوازێک کە چۆک بە رێژیمی ئێران دا بدات ، کەڵک وەردەگرین.