کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵۆزییەكانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناڤین و بازرگانیی پڕ داهاتی چەكوچۆڵ

20:38 - 2 سەرماوەز 2712

كوردستان میدیا: داواكاری وڵاتانی عەرەبی دەورووبەری كەنداو بە مەبستی نوێ‌ كردنەوەی سیستمی بەرگریی مووشەكیەكانیان لە ئەمریكا، دەرخەری خۆ تەیار كردن لە هەمبەر هەڕەشەكانی رێژیمی ئێرانە.

وڵاتانی عەرەبی دەیانهەوێ‌ چەندین گرێبەستی نوێ‌ بۆ كڕینی لوجستیكی نیزامی لەگەڵ كۆمپانیا ئورووپایی و ئەمریكاییەكان واژۆ بكەن، هەتا خۆیان لەهەمبەر نائارامییەكانی ناوچە تەیار بكەن.

ئەو وڵاتانە لەو باوەڕەدان ئەگەر ئەمریكا و ئیسراییل هێرشی نیزامیی بكەنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی رێژیمی ئێران، پڕیشكی ئەو شەڕە داوێنی ئەوانیش دەگرێتەوە.

ئەو ترس و دڵەڕاوكیانە بۆتە هۆێ‌ ئەوەی كە شەپۆڵێكی بەرین بۆ كڕینی چەك و چۆڵ لەلایەن وڵاتانی عەرەبیەوە بێتە ئاراوە.

بەپێی راپۆرتی ئەمساڵی كۆنگرەی ئەمریكا، 4 وڵاتی عەرەبی بە شێوەی جیا و لەسەر داوای فەرمیی خۆیان خوازیاری كڕینی چەكوچۆڵی پێشكەوتوو لەو وڵاتە بوون.

كارناسانی نیزامی ئاشكراییان كردووە، ئەو چەكو چۆڵانەی كە وڵاتانی عەرەبی دیانهەوێ‌ بیكرن نرخەكەی سەرجەم 25 میلیارد دۆلارە.

عەرەبستانی سعوودی خوازیاری كرینی فرۆكەی جەنگیی، قەتەر سیستمی مووشەكی پاتریوت و ئیمارات خوازیاری كڕینی سیستمی بەرگری مووشەكی پێشكەوتوو لە ئەمریكا بوون.

ویلی مور یەكێك لە لێپرسراوانی ئەمریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناڤین لەو باوەڕەدایە، بەپێی ئەو گرژی و ئاڵۆزیانەی كە لە نێوان وڵاتانی عەرەبی و ئێراندا هاتۆتە ئاراوە، ئەو ناوچەیەی كردووە بە شوێنێكی گۆنجاو بۆ بازرگانی چەكوچۆڵ.

ئەو لێپرسراوە وتیشی، هۆكاری سەرەكیی كرینی لوجستیكی نیزامی لەلایەن وڵاتانی عەربیەوە، هەڕەشەكانی ئێرانە.

ئەو بشێوی و نائارامیانەی ناوچەكە نەتەنیا بازاری بۆ وڵاتی ئەمریكا درووست كردووە بەڵكوو وڵاتانی ئورووپایش لێی بەهرەمەند بوون.

دیوید كامرون سەرۆك وەزیری بریتانیا لە دوایین سەفەرییدا بۆ وڵاتانی عەرەبی، هەوڵیدا نزیك بە 100 فرۆكەی جەنگیی بە عومان، عەرەبستان و ئیمارات بفرۆشێت.