کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەشاری \"هەکاری\"ی کوردستانی تورکیه ١٨ هاووڵاتیی کورد دەسبەسەر کران

15:22 - 3 سەرماوەز 2712

کوردستان میدیا: لە هەکاریی کوردستانی تورکیه ١٨ هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی دەوڵەتی تورکیەوە دەسبەسەر کران.


ئەم ١٨ هاووڵاتییە کوردە بەشدارییان لە ناڕەزایەتییە مەدەنییەکانی شارەکانی کوردستانی تورکیه لەدژی سیاسەتی هەڵاواردن لەلایەن دەوڵەتی تورکیەوە کردووه.
ماڵپەڕی TRTxeber سەربە حکوومەتی تورکیه بڵاوی کردەوە، ئەم ١٨ هاووڵاتییە کوردە لە ناڕەزایەتییە مەدەنییەکاندا زیانیان بە رێکخراوەکان گەیاندووە، هەر بۆیە لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی تورکیەوە دەسبەسەر کراون.
ئەمە لە حاڵێکدایە کە ژمارەیەک لە زیندانیانی سیاسی کورد لە تورکیە نزیک بە 70 رۆژ بە نیشانەی ناڕەزایەتی بە سیاسەتەکانی تورکیە لە هەمبەر کوردەکان مانیان لە خواردن گرت.

هەر لەو پێوەندییەدا بێجگە لە زیندانیان، كۆمەڵێك لە ئەندام و لایەنگرانی پارتی ئاشتی و دێمۆكراسیش لە توركیە پەیوەست بەو مانگرتنە بوون و هەروەها كۆمەڵێك چالاكی و خۆپیشاندانیش لەو بارەیەوە لە وڵاتی توركیە بەڕێوە چووە كەلە ئەنجامدا لەگەڵ دژكردەوەی پۆلیس بەرەوڕوو بۆتەوه.
ئەم سەرچاوەیە پێشتریش هەواڵی دەسبەسەر کرانی ٢٣ هاووڵاتیی کوردی تورکیەی لە شرناخ بڵاو کردبووەوە و کەبەر تۆمەتی بەشداری لە چالاکیی هەڵخرێنەرانە (فعالیت تحریک آمیز) لەلایەن هیزە ئەمنیەتییەکانی تورکیەوە دەسبەسەر کراون.
هەروەها ٥ هاووڵاتیی دیکە لە شەمدینلی بەبێ هیچ هۆکارێک دیاری کراو لەلایەن هێزەکانی تورکیەوە دەسبەسەر کراون.