کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٥ی نوامبر، رۆژی هەوڵدان بۆ نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان و سەرنجێک ( تووبا ئەلیاسی)

15:55 - 3 سەرماوەز 2712

هەروەک هەموو لایەک ئاگادارین ئەم رۆژە لە لایەن رێکخراوی نیونەتەوەیی مافی مرۆڤەوە وەک رۆژی خەبات بۆ نەهێشتنی توندووتیژی دژی ژنان ناودێر کراوە. هۆکاری دیاری کردنی رۆژێکی ئاوا دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەوان بڕوایان وایە کە ژنان لە هەموو کۆمەڵگا جۆراوجۆرەکاندا بە رادەی کەم تا زۆر و بەڵکو بە شێوازی جیاوازیش دەکەونە بەر توندووتیژی کۆمەڵگا و پیاوانەوە.

ئەم توندوتیژیانەش پێک هاتوون لە توندوتیژی جەستەیی و هەروەها توندوتیژی دەروونی. لە توندوتیژی جەستەییدا ژنان توشی لێدان و هەتا کوشتن دەبنەوە بە هۆی لە بەرچاو نەگرتنی داوا و ویستەکانی پیاوانەوە، یان بە هۆی رەچاو نەکردنی یاسای دژە ژنانی کۆمەڵگا و حکومەتە کۆنەپەرست و دیکتاتۆرەکانەوە. بۆ نمونە لە کۆمەڵگای ئێراندا ژنان سەرەڕای ئەوەی کە لە بنەماڵەدا ئەبێت گوێڕایەڵی ویست و فەرمانەکانی پیاوانی ماڵ بن و سەرپێچی کردنیان لە بەرانبەر پیاوانی ماڵدا ئەتوانێت تووشی توندوتیژی جەستەییان بکات و هەمیش دەروونی. دیسانیش ئەبێت یاسای دژە مرۆڤانەی رێژیمی کۆنەپەرەستی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش لەمەڕ ژنان و لە بەرچاو گرتنی پۆشینی ئیسلامیش بۆ ژنان ئەبێت بپارێزن و شکاندنی ئەو یاسایانە سزای توندی بە دواوە دەبێت. کەواتە ئەتوانین بڵێین بە پێی ئاماری دیاریکراو رۆژانە بە هەزاران ژن لە دونیادا تەنیا بە هۆی ژن بونیانەوە لە لایەن پیاوانەوە تووشی توندوتیژی جەستەیی دەبنەوە. ئەمە بەو واتایە نییە کە ئێمە بڵێن لە هیچ جێگایەک پیاوان لە لایەن ژنانەوە تووشی توندوتیژی نابنەوە ، چوون ئەوەش ئینکار ناکرێت، بەڵام رادەکەی زۆرکەمە بە هەڵسەنگاندن لە گەڵ رادەی توندووتیژی بەرانبەر بە ژنان.

توندوتیژی جەستەی ئەتوانێت لە هەمانکاتیشدا کاریگەری مەنفی دەروونی بێ ئەملاوئەولای هەبێت لە سەر ژنان بەشێوەیەک کە تووشی خەمۆکیان بکات و بڕوا بەخۆ بوونیان تێدا لاواز بکات و دیسانیش بڕوا بەخۆ نەبوون هۆکاری هەرە سەرەکی دەبێت بۆ پێ نەگەیشتن و خۆ پێنەگەیاندن و لە ئاکامدا ژنان دەبن بە مرۆڤێکی لاواز و بێ توانا لە بەرانبەر پیاوان و هەروەها سەختیەکانی ژیاندا. هەروەها لەوانەیە بەشێک لە پیاوان توندوتیژی جەستەیی ئەنجام نەدەن لە بەرانبەر ژناندا، بەڵام رۆژانە بە دەیان جار لە باری دەروونییەوە، هاوسەر، کچ یان ژنانی دیکە ئازار بدەن بە وتنی قسەی ناشیرین و رواندنی تۆویی بێ بڕوایی و بێ هیوایی لە دەروونیاندا.

هەموومان دەبیسین و دەبینین کە ژنان بە رۆژانە لە لایەن پیاوانەوە لێان دەکوژرێ ، نموونەی هەرە بەرچاومان فادیمە و دوعا و دوعا رەنگەکانی دیکە و ئەو ژنە کوردانەیە کە لەو ئاخرانەدا هەتا لە دونیای پێشکەوتنی وەک ئوروپادا بە دەست پیاوانەوە کوژران. هەروەها ئێستاش بە پێی زانیاری باوەڕ پێکراو بە دەیان ژن لە ژێر مەترسی هەڕەشەی کوشتن و مردن دان و لە ژێر پارێزگاری بنکە پارێزەرەکاندا ژیان بە سەر دەبەن دوور لە بنەماڵەکانیان. جا ئەمە لێرە لە وڵاتانی پێشکەوتوودا بەشێک لە ژنان بپارێزرێن، باشە لە کۆمەڵگا دواکەوتوەکاندا ژنان جی بکەن و چۆن لە مەترسی مەرگ و توندوتیژی بپارێزرێن؟

هەر بۆیە من پێم وایە تەنیا هەبوونی رۆژێک لە ژێر ئەو ناوە ناتوانێت دەرمانێک لە سەر برینی ژنان دابنێ کە رۆژانە بە دەروون و جەستە ئەزموونی ئەو توندوتیژیانە دەکەن. بۆ ئەوەی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی هیچ نەبێت رادەی ئەو توندوتیژیانە بگەیەنێت بە لانی کەم، پێویستیمان هەم بە رۆشنبیری کۆمەڵایەتی هەیە، هەمیش بە هەبوونی سیستمێکی دێمۆکرات و یاسایەکی یەکسان کە بتوانێ بە راشکاوی داکۆکی لە مافەکانی ژنان بکات. لە هەمانکاتیشدا یاسا ئەبێت گەرەنتی ئیجرایی هەبێت و بتوانێت سزای ئەو کەسانە بدات کە سەرپێچی لە یاسا دەکەن، یاسایەک کە لە سەر بنەماکانی یاسای بنەڕەتی جاڕنامەی مافی مرۆڤ دامەزرا بێت. بۆ گەیشتنیش بەو کۆمەڵگا و یاسایە ئەرک و مەودای زۆرمان لە پێشە و ژنان ئەبێت زۆر بە راشکاوانە بێنە مەیدانەوە و بە دژ یاسای، کۆنەپەرەست و پیاوسالاریدا بچنەوەو، ئەگینا ئەگەر خەباتەکە لێگەڕێن تەنیا بۆ پیاوان بێت و خۆیان زیاتر ، بە کاری ماڵ و بەخێو کردنی منداڵەوە سەرقاڵ بکەن، ئەرکێک کە ئەرکی سەرشانی پیاویشە، ئیتر ئەوان کاتیان بۆ نامێنێتەوە بۆ خۆ پێگەیاندن و هەروەها بەشداری کردن لە خەباتی سیاسیدا. کاتێکیش خۆیان لە مەیدان نەبن خاترجەمبن پیاوان ئەگەر بە تەنیا بن یاسایەک دائەنێن کە زیاتر ویست و داواکانی خۆیانی تێدا ببیننەوە، هەر وەک چۆن یاسای ئیسلام پیاو دایناوە و بە قازانجی خۆیەتی و ژن لە زۆر بواردا کۆیلەی پیاوە و موڵکی خۆشگوزەرانی ئەوە.

لێرەدا هەرچەند دەزانم هیوا بە تەنیا هیچ ناکات، بەڵام من لەم بۆنەیەدا هیوا دەخوازم کە زۆر نەخایەنێ شاهیدی کۆمەڵگایەکی یەکسان و دێمۆکرات بین کە مافەکانی ژنان بێ جیاوازی لە گەڵ پیاوان لەوێدا گونجاو بێت و بە پێی تواناش هەوڵ ئەدەم وەک رێبوارێکی رێبازی یەکسانیخوازی نێوان ژن و پیاو لە بەرانبەر توندووتیژی دژی ژنان بێدەنگ نەبم.