کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە شاری\" ئەزمیر\"لە کوردستانی تورکیه ٨ هاووڵاتیی کورد دەسبەسەر کران

15:28 - 4 سەرماوەز 2712

کوردستان میدیا: شەپۆلی دەسبەسەر کرانی هاووڵاتییان کورد لە کوردستانی تورکیه پاش کۆتایی هاتن بە مانگرتنی چالاکانی سیاسی لە زیندان، شاری ئەزمیریشی گرتەوە.
پاش کۆتایی هاتنی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی کوردستانی تورکیه لەمەڕ پێڕاگەیشتنی دەوڵەتی ئەو وڵاتە بە داخوازییەکانی مانگرتوان، لە شارە جۆراوجۆرەکاندا دەیان هاووڵاتیی کورد دەسبەسەر کران.
لەو پێوەندییەدا لە شاری ئەزمیر ٨ کەس لەلایەن هێزە ئەمنییەتیەکانەوە دەسبەسەر کراون و ماڵپەڕی TRTxeber کە سەربە حکوومەتی تورکیەیە، تۆمەتی ئەنجام دانی کاری تیرۆریستی داوەتە پاڵ دەسبەسەر کراوەکان.
ئەمە لەحاڵێكدایە كە ویستی زیندانیانی سیاسیی مانگرتوو لە توركیە و ئەو كەسانەی كە پێوەست بە مانگرتنەكەش بوون، بەفەرمیی ناسینی زمانی كوردی، پێڕاگەیشتن بە بارودۆخی كورد لەو وڵاتە و ئازاد كردنی رێبەری پارتی كرێكارانی كوردستان بوو.
چەند رۆژ پێشتریش لە شارەکانی شرناخ، هەکاری و شەمدینلیی کوردستانی تورکیە بە ریز ٢٣، ١٥ و ٥ هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی دەوڵەتی تورکیەوە دەسبەسەر کرابوون.
نزیک بە ٧٠٠ زیندانی سیاسیی کورد لە کوردستانی تورکیه بە نیشانەی دەربڕینی ناڕەزایەتی لەهەمبەر هەڵاواردنەکانی تورکیه لە هەمبەر نەتەوەی کورد لەو پارچەیەی کوردستان، نزیک بە ٦٨ رۆژ مانیان لە خواردن گرت.
هەر لەو پێوەندییەدا بێجگە لە زیندانیان، كۆمەڵێك لە ئەندام و لایەنگرانی پارتی ئاشتی و دێمۆكراسیش لە توركیە پەیوەست بەو مانگرتنە بوون و هەروەها كۆمەڵێك چالاكی و خۆپیشاندانیش لەو بارەیەوە لە وڵاتی توركیە بەڕێوە چووە كەلە ئەنجامدا لەگەڵ دژكردەوەی پۆلیس بەرەوڕوو بۆوه.