کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە سووریە لە دەسپێکی توندوتیژییەکانەوە هەتا ئێستا، زیاتر لە ٢٧٠٠ منداڵ کوژراون

19:07 - 4 سەرماوەز 2712

کوردستان میدیا: لە دەسپێکی نائارامیی و تێکهەڵچوونەکانی سووریە هەتا ئێستا، دوو هەزار و ٧١٠ منداڵ گیانیان لەدەست داوە.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا و پشت بەستن بە ئاماری ناوەندێکی مافی مرۆڤ لە سووریە، ئەو منداڵانە بەهۆی شەڕ و تێکهەڵچوون و بوردمانەکانی رێژیمی سووریە گیانیان لەدەست داوە.
لە بەشێکی دیکەی ئەو ئامارەدا هاتووە، ژمارەیەکیش لەو منداڵانە بەهۆی ئەشکەنجەوە گیانیان لەدەست داوە.
لە کۆی گشتیی کوژراوەکان، هەزار و ٨٧٣ منداڵی کوڕ و ٨٣٧ منداڵیش کچن.
ئامارەکە ئاماژەی بەوەش داوە کە نزیک بە ٢٥ منداڵیش بەهۆی ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەتییەکانی سووریەوە گیانیان لەدەست داوە.
هەر لەو پێوەندییەدا چەند رۆژ لەمەوبەر ناوەندی تۆمار کردنی توندوتیژییەکان لە سووریە ژومارەی کوژراوانی گرژی و نائارامییەکانی ئەو وڵاتەی لەسەرەتاوە هەتا ئێستا ٣٧ هەزار کەس راگەیاندبوو.
لە کۆی گشتیی ئەو رێژەیە نزیک بە ٧ هەزار کەس لە شاری حومس و شەش هەزار و ٧٥٠ کەسیش لە شاری دیمەشق گیانیان لەدەست داوە.
لەلایەکی دیکەوە لە توندوتیژییەکانی رۆژی هەینی‌دا کەلە دیمەشق و حەما و لازقیە و دیرەزوور و ناوچەکانی دیکەی وڵاتی سووریە رووی دا، زیاتر لە ٧٦ کەس کوژران.