کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکییە مەدەنییەکان و نافەرمانیی مەدەنی!!! (حەسەن پاڵانی)

19:36 - 4 سەرماوەز 2712

حەسەن پاڵانی
باک گرووندی مێژووی قانوونی بەنەڕەتی ئێران
ئەگەر بەوردی مێژوی ٣٣ ساڵەی کۆماری پەت و سێدارە، کۆماری ئیسلامی شرۆڤە بکەین، تەواوی رەهەندەکانی مێژووی دەسەڵاتی خۆسەپاندنی بەسەر شۆڕشی گەلانی ئێراندا هەڵسەنگێنین. بە ئاسانی بۆمان دەردەکەوێت کە ئەم رێژیمە نەک هەر بەپێی هەموو پەرنسیپ و مەعیارە ئینسانی و یاسایی‌یەکانی بەشەری مامەڵەی نەکردووە، لەگەڵ دانیشتوانی پێکهێنەری پانتای جوغرافیای وڵاتەکەی، بگرە بەڵکوو بەرهەر شێوەیەک لە شێوە مومکین و نامومکینەکان و ئەگەر چی لەگەڵ هەموو نەریتێکی بەشەری و لەگەڵ هەموو عورف و عادەتێکی نێوخۆیی و نێونەتەوەی ناتەبایی هەیە، دانیشتوانی خۆی لە هەرچی مافی ئینسانییە بێ بەش کردووە. بە تایبەت نەتەوە غیرە فارس زمانەکان و ئەو نەتەوانەی کەلە باری ئیتنیکییەوە جیاوازن لە نەتەوەی فارس.
کۆماری ئیسلامی بە درێژایی زیاتر لە سێ دەیەی دەسەڵاتداریی خۆی، ئەو قیمە و بەها ئینسانی و ئەخلاقی و نەتەوەییانە کە مرۆڤەکان وەک ماف و بەهایەکی سروشتی خۆی پێی بەخشراوە، لە ماوەی ژیانی دەسەڵاتداری ئەم رێژیمە بەپێی یاسا و بەرژەوەندییە تەک نەتەوەییەکانی نەتەوەی فارس بەتەواوەتی رەچاوی نەکردووە و مافی نەتەوەکانی‌تری لێی زەوت کردوون. ئەو چەمکانەی کە باس لە ئازادی، هاووڵاتی بوون و یەکسانی بەیینی هەموو مرۆڤەکان و چین و توێژە جۆر بە جۆرەکانی هەناوی کۆمەڵگا دەکات، نەک کاری بۆ نەکردوون بۆ جێبەجێ کردنییان، بەگرە بە هەموو شێوەیەک لە دژایەتی دان.
گەلانی ئێران ساڵی ١٣٥٧ شۆڕشیان کرد بۆ ئەوەی یاسایەکی گشتی کە لەودا مافە ئینسانی و دێمۆکراتییەکانی گەلانی ئێران بە هەموو نەتەوە و ئاین و ئایینزا و زمان و کولتووری جیاوازەوە تێدا جێ بەکەوێت. بەڵام نەک ئەو مافەیان بۆ لەبەرچاو نەگیرا، بەگرە دەستووری جیهاد و لەناو بردنیشیان بۆ دەرکرا. گەلی کورد و باقی نەتەوەکانی ئێران چاوەڕوانی ئەوەیان دەکرد یاسایەکی مەدەنی، بێ لە بەرچاو گرتنی دەمارگرژیی نەتەوەیی و بێ ئەوەی رەنگدانەوەی بیر و هزری تەنیا نەتەوەیەک بێت. یاسایەک خرایە ریفراندۆمەوە کە لەلایەن چەند کەسی دەست و پێی خودی رێژیمەوە زۆر لە پێشدا بەرنامە و کاری بۆ کرابوو، کە هەر ئەو یاسا و قانوونانە دەنگی بۆ درا کە سەرچاوەکەی ئاو خواردوو لە ویلایەتی فەقیهـ بوو.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەو یاسا بنەڕەتییە کەلە ساڵی ١٣٥٨ دەنگی بۆ درا و پەسند کرا، هەتا ئێستا هیچ چەشنە ئاڵوگۆڕ و گۆڕانکارییەکی تێدا نەکراوە. سەرەڕای بیری بیردۆزەکان و پسپۆرانی بواری یاساناسی هەر یاسایەک دەبێ گۆڕانکاریی تێدا بکرێ، بەپێی بەرەوپێش چوونەکانی بواری پێداویستییەکانی ئینسانی و ئەو داواکاری و داخوازییانە کە مرۆڤ هەیەتی و لەگەڵ هەر قۆناغێک، لە قۆناغەکان کە بۆی پێش دێت. یاسای کۆماری ئیسلامی پێویستی بە ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی و چاکسازی هەیە، بۆ ئەوەی ناتوانێ وەڵامدەرەوەی خواست و داخوازییەکانی گەلانی ئێران، لە باری سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و ئازادییە فەردی و گشتییەکانەوە بێت.
پێناسەیەکی کورت له نافەرمانییە مەدەنییەکان و کۆمەڵگای مەدەنی
سەرەتا پێویستە چەمکی نافەرمانی مەدەنی تا ئەو شوێنەی کە رێی تێدەچێت بە دروستی پێناسە بکەین، بەکارهێنەرە سروشتییەکانی ئەو زاراوەیە کە خۆی لە کۆمەڵە مەفهوومێکی، سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، رۆشنگەری، ئەدەبی و کولتووری دەبینێتەوە دابـڕێژین. نافەرمانی بریتییە لە ئەوەی کە کۆمەڵێکی بەرچاو لە خەڵکی دانشتووی وڵاتێک بۆ بەدەست هێنانی داوا و داخوازییە ئینسانی و نەتەوەییەکانی بە شێوەگەلێکی مەدەنی لە چوارچێوی رێخراوەیەکی رێکخراودا و بەشێوەیەکی خۆبەخشانە بۆ بەدەست هێنانی ئامانج و داخوازییەکانیان لەگەڵ دامودەزگا حکوومی دەوڵەتییەکان لە بەربەرەکانێ دان و بە هەرشێوەیەکی بۆیان بکرێ داخوازییەکانی خۆیان بهێننەگۆڕێ. نافەرمانی کردن بەرانبەر بە یاسا و رێسایەک کە لێی ناڕزاین و بەدژایەتی کردنی خۆیان بەرانبەر بە دەوڵەت لە نافەرمانی کردن دان و ئەرکی خۆیان بە پێچەوانەوە جێبەجی دەکەن.
رۆڵی نافەرمانییە مەدەنییەکان
بۆ ئەوەی کە بتوانرێ بە باشترین شیوە نافەرمانییەکان رۆڵی خۆیانیان هەبێت، پێویستە چەند هێمایەکی بنەڕەتی بۆ لەبەر چاو بگیردرێ، وەک لە پێشدا بتوانرێ کولتوورسازییەکی بەرفەراوان لە هەموو ئەو جومگانەدا بۆ بکرێ کە ئامانج و داخوازییەکان کاری تێدا دەکەن. رێخستنێکی تۆکمە و بەرفەراوان لە بە ئاگا کردنی خەڵک و هوشیار کردنەوەیان لە هەموو مەجالەکانی ژیانی نافەرمانی دا، چوکه هەر ئەندازە خەڵک شارەزا بن لە پرۆسەی رێکخستنی وەها کارێک بێ گومان دەتوانێ ئەنجامی باشتر بەدەستەوە بەدات. دروست کردنی تۆڕی هاوکاری و هاوئاهەنگی لە نێوان چین و توێژە جۆر بە جۆرەکانی نێو کۆمەڵگا بەگشتی و بەستنەوەی سترۆکتووری هاوفکری و هاوکاری نێوان ئەو توێژانە لە هەموو بوارەکانی ژیانی مەدەنی و نافەرمانیدا دەتوانێ دەور و نەقشی خۆی هەبێت. بۆ ئەوەی بتوانرێ لە باشترین میکانیزمەکانی ژیانی نافەرمانیدا کەڵکی پێوست وەرگرێت، پێوستە چە میدیاکانی نێوخۆ بەپێی مەجال و ئیمکاناتی خۆیان بۆ نیشان دانی کار و چالاکییەکانی کارە نافەرمانییەکان لەهەموو مەجالەکانی ژیانی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووریدا دەور و کاریگەری لە گەیاندنی هەواڵەکان بە میدیاکانی بە تەواوەتی ئازاددا لێبوردەیی زیاتر لە خۆیان نیشان بدەن، هه‌تا میدیا ئازادەکان لە گەیاندنی کار و چالاکییەکان بیروڕای گەشتی لێ ئاگادار بکەن. دەست لە نێو دەست نانی میدیاکانی نێوخۆ و میدیاکانی ئازاد، لێرەدا مەبەست لە میدیای ئازاد ، ئەو میدیانەیە کەلە ژێر چنگی رێژیمدا نییە. یەکێک لە هەرە فاکتۆرەکانی سەرکەوتنی هەر بەزاڤێکی نەتەوەی و ئینسانی کە بتوانی رێبەراییەتی هەر رەووتێک لە رەوتەکان بەکات.
لێرەدا بۆ دروست کردنی وەها بزاڤێک، کە ریبەراییەتی، رێکخستنی بیرۆکەیەکی نافەرمانی بکات. پێویستمان بە هاوئاهانگییەکی فرەچەشنی، فرەرەنگی و فرەلایەنی بە هەموو رەنگ و ئایدیاکانەوە هەیە لەسەر خەستنی وەها رێکخستنێک کە بتوانێ رێ خۆشکەر و زەمینەساز بێت، بۆ دروست کردنی راپەڕینێکی گشتی و خەڵکی کە یارمەتیدەر بێت لەسەر خستنی بزافێکی نەتەوەیی دا.
ئێمە لێرەدا بۆ ئەوەی بتوانین بە باشترین شێوە دەرفەت بخولقێنین پێویستە لە هەر گۆڕانکارییەک دەکرێت گرووپ و کەسانی نەتەوەی و خاوەن ئەزموون و خاوەن پۆتوون سیالی شارەزا لە هەموو توانا و زەرفیەتییەکانیان کەڵک وەرگرین. چونکه هەر گۆڕانکارییەک لە دامەزراوە سیاسی و سیستەمە گشتییەکانی دەسەڵاتدا، کەلە روانگەی کۆمەڵناسییەوە شرۆڤەی بکەی دەتوانرێ خولقێنەری هێندێک فاکتۆری زاتی و عیینی بن کە دەتوانن کۆمەڵێک لە رووداوی نەفەرمانی بەهێز پێناسە بکەن، کە دەبێتە خاوەنی چەندیین تایبەتمەندی.
وەک بەڕێ خستنی رەوتێکی کۆمەڵاییەتیی بەهێز لە تەواوی جومگە و بوارە گشتییەکانی ژیانی کۆمەڵاییەتی، سیاسی و ئابووری و خەڵکیدا. کە تا بتوانرێ لە دووتۆێ پرسە گشتییەکەدا چاکسازی و گۆڕانکاری ئەرێنی بۆ خەڵکی دەستەبەر بکات. سەرچاوە سەرەکییەکانی دژایەتی دەبێت لە گۆڕانکارییە سیاسی و ئابووری و هێزە بەرهەمهینەرەکان بەدوایدا بگەڕێت، وەک کەسانی شارەزا لە بواری کار و حیرفەی پیشەسازی، تێکنیسیەن، خاوەن کارخانە و کوورەخانەکان، مامۆستاییان، پەرەستداران، پزیشکان بەگشتی هەموو چین و توێژەکان کە هەر یەکەو بەنسبەتی خۆی دەور و کارییگەری هەیە، لە رێکخستن و سەرخەستنی وەها پرۆسەیه‌ک دا. بۆ ئەوەی بەم کارە بتوانرێ جۆریک لە نا هاوسەنگی لە نێو سیستەمەکەدا دروست بکرێت، سەرچاوەی سەرەکیی ئەم ناهاوسەنگییەش، ناهاودەنگی نێوان بەها فەرهەنگییە گشتیەکانی نێوان کۆمەڵگا و سیستمی بەرهەمهێنانی ئابووری نادادپەروەرانەیە، کە کاریگەرترین هۆکارن بۆ درست بوونی نافرمانییە مەدەنییەکانی نێو کۆمەڵگا.
کارکردن لەسەر چەمکی بیری هەژاری و نەداری و بێکاری گۆرانکارییەکانی ژیانی خەڵکیدا یەکێک لەهەرە فاکتۆرە بەهێزەکانی ئەم قۆناغەی ژیانی دانیشتوانی گەڵانی ئێرانە، چونکه هەژاری و بێ‌کاری وەک گەورەترین فاکتۆر دەتوانی کەڵکی خۆتی لێ ببینێ بۆ گۆڕانی ژیانی سیاسی و نەتەوەیی. چونکه لەوەدا هەر خودی هەژاری و بێکارییە دەتوانێ لە نافەرمانییەکاندا هەلومەرجیکی لەبار بەخولقێنێ و چاوەڕوانییەکانی خەڵکیش بەرز بکاتەوە، بەم جۆرە کۆمەک بە هەرچی زیاتری نافەرمانییەکان لە رەوتێکی بەرفراوان کردنی خەباتێکی سەرتاسەریدا بۆ خۆی مسۆگەر دەکات.
لێرە دا گرووپە جۆربەجۆرەکان بە کۆمەڵ رێک دەخرێن هەتا سەرقاڵی رووبەڕوو بوونەوەیەکی کاریگەری ئۆرگانیکی کۆمەڵایەتی، ئابووری و مافخوازانەیان ببنەوە کەلە دەرئەنجامی خەباتێکی بەرفەراوانی نافەرمانی مەدەنی لە هەموو مەجالاکانی ژیانی رۆژانەیاندا تووشی بوون. هەرچی زۆرتر بە مەبەستی بەرز کردنەوەی چاوەڕوانییەکانی بواری سەرهەڵدانی ناڕەزایەتش بۆ نافەرمانیی مەدەنی فەراهەم بێت و تێگەیشتنێکی ناڕەزایانە بۆ کردەوەی شۆڕشێکی سەرتاسەری خۆش بێت و زووتر بە ئامانجە ئینسانی و نەتەوەیی‌یەکانمان دەگەین.