کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راپۆرت/ لە ماوەی سێ‌ رۆژدا زیاتر لە ٥٠ هاووڵاتیی کورد لە تورکیە دەستبەسەر کراون

15:13 - 5 سەرماوەز 2712

کوردستان میدیا: ماوەی چەند رۆژە شەپۆلێکی بەرین لە دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییانی کورد لە کوردستانی تورکیە لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی ئەو وڵاتەوە دەستی پێکردووە و لە ماوەی ٦٢ کاتژمێردا، ٥٤ هاوڵاتیی کورد دەستبەسەر کراون.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا و پشت بەستن بە سەرچاوە نێوخۆییەکانی تورکیە، ئەو ٥٤ هاووڵاتییە لە چەندین شاری وەکوو، شرناخ، هەکاری، ئەزمیر و شەمدینلی دەستبەسەر و رەوانەی ناوەند ئەمنیەتییەکان کراون.
رێکەوتی ٢‌ی سەماوەز هێزە ئەمنیەتییەکانی تورکیە لە شرناخ و هەندێک ناوچەی دیکە ٢٣ هاووڵاتیی کوردیان دەسبەسەر کرد.
ئەو ٢٣ هاووڵاتییە پێشتر لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەست‌ نیشان کرابوون و پاش دەستبەسەر کردنیان بۆ ناوەندە ئەمنییەتییەکان راگوێزراون.
شرناخ شارێکی کوردستانی تورکیەیە و لە باشووری رۆژهەڵاتی تورکیە هەڵکەوتووە.
هەروەها لە هەمان رۆژدا ٥ هاووڵاتیی دیکە لە شەمدینلی بەبێ هیچ هۆکارێکی دیاری کراو لەلایەن هێزەکانی تورکیەوە دەسبەسەر کران.
شاری هەکاریش لە شەپۆلی گرتن بێبەریی نەبووە و رێکەوتی ٣‌ی سەرماوەز، ١٨ هاووڵاتی کورد بە تاوانی بەشداری لە ناڕەزایەتییە مەدەنییەکانی شارەکانی کوردستانی تورکیە لەدژی سیاسەتی هەڵاواردن لەلایەن دەوڵەتی تورکیەوە، دەستبەسەر کران.
شەپۆلی دەسبەسەر کرانی هاووڵاتییان کورد لە کوردستانی تورکیە پاش کۆتایی هاتن بە مانگرتنی چالاکانی سیاسی لە زیندان، شاری ئەزمیریشی گرتەوە.
رێکەوتی ٤ی سەرماوەز لە شاری ئەزمیر ٨ کەسی دیکەش لەلایەن هێزە ئەمنییەتیەکانەوە دەسبەسەر کران.
حکوومەتی تورکیە و ماڵپەرەکانی سەر بەو حکوومەتە تۆمەتی وەکوو چالاکیی هەڵخڕێنەرانه (تحریک آمیز)، زیان گەیاندن بە رێکخراو و شوێنە گشتییەکان و ئەنجام دانی کاری تیرۆریستیی داوەتە پاڵ سەرجەم ئەو دەستبەسەر کراوانە.
ئەمە لەحاڵێک دایە کە بەشێکی بەرچاو لە کوردەکانی کوردستانی تورکیە بە نیشانەی پشتیوانی لە داواکاریی زیندانیانی سیاسیی مانگرتوو، کۆمەڵێک چالاکیی مەدەنییان بەڕێوە برد و بۆ ماوەی چەند رۆژ مان گرتنی گشتییان راگەیاند.
ویستی زیندانیانی سیاسیی مانگرتوو لە تورکیە و ئەو کەسانەی کە پەیوەست بە مانگرتنەکەوە بوون، بە فەرمیی ناسینی زمانی کوردی، پێڕاگەیشتن بە بارودۆخی کورد لەو وڵاتە و ئازاد کردنی عەبدوڵڵا ئوجەلان رێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان بوو.
هەر لەو پێوەندییەدا کۆمەڵێک لە چالاکانی سیاسی، مەدەنی، رۆژنامەنووسی و خوێندکاریی کورد بۆ پشتیوانی لە مانگرتن و داواکاری زیندانییانی سیاسیی کورد لە تورکیە، هاوکات لەگەڵ ٥٢مین رۆژی مانگرتنەکەدا بۆ ماوەی ١ رۆژ مانیان لە خواردن گرت.
ژمارەیەک لە زیندانیانی سیاسیی کورد لە تورکیە نزیک بە ٧٠ رۆژ بە نیشانەی ناڕەزایەتی بە سیاسەتەکانی تورکیە لەهەمبەر کوردەکان مانیان لە خواردن گرت.