کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەیموور ئەلیاسی بۆ ئەندامی بەڕێوەبەریی \"رێکخراوی کۆچبەانی سوسیالیستی سویس\" هەڵبژێردرا

16:09 - 27 خاکەلێوه 2712

کوردستان میدیا: هەیئەتێکی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران ــ ژێنێڤ، لە پێکهاتنی رێکخراوی کۆچبەرانی سوسیالیستی سویسدا بەشداریی کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رێکەوتی٢٦ی خاکەلێوەی ١٣٩١ی هەتاوی، هەیئەتێکی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران ــ ژنێڤ بە سەرپەرستیی تەیموور ئەلیاسی، لە سمیناری پارتی سوسیالیستی سویس کە سەبارەت بە پرسی ئینتگراسیۆنی کۆچبەران و پەنابەرانی ئەو وڵاتە، لە شاری بێرن پێکهاتبوو، بەشداریی کرد.

ئامانجی سەرەکیی سمینارەکە بەشداریی کۆچبەران و پەنابەران لە کاروباری کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسیی وڵات و هەروەها دامەزراندنی رێکخراوی کۆچبەرانی سوسیالیستی سویس بوو.

لە ئەنجامی تاوتوێ کردن و ئاڵوگۆڕی بیروڕا، کۆمیتەیەک بۆ بەڕێوەبردنی رێکخراوی کۆچبەانی سوسیالیستی سویس پێکهات و بەڕێز تەیموور ئەلیاسی وەکوو ئەندامی بەڕێوەبەریی ئەو کۆمیتەیە هەڵبژێردرا.

پارتی سوسیالیستی سویس دوو رێکخراوی دیکەی بە ناوەکانی لاوانی سوسیالیست و ژیانی سوسیالیست دامەزراندووە.

کۆمیتەی بەڕێوەبەریی رێکخراوی کۆچبەرانی سوسیالیستی سویس راسپێردراوە لە کۆنگرەی داهاتووی پارتی سوسیالیستی سویسدا بەرنامە و پرۆگرامی خۆی پێشکەش بکات.

یەکێک لە ئامانجەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران ــ ژێنێڤ، پاڵپشتیی ئینتگراسیۆنی پەنابەرانی کورد له وڵاتی سویسە.