کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەر کرانی ٥٠ هاووڵاتی لە چەند شارێکی کوردستانی تورکیه / لە ماوەی ٤ رۆژدا ١٠٤ کەس دەسبەسەر کراون

14:27 - 7 سەرماوەز 2712

کوردستان میدیا: هێزەکانی پۆلیسی تورکیه لە سێ شاری لغدر، مەرسن و وان لە کوردستانی تورکیه، ٥٠ هاووڵاتیی کوردیان دەسبەسەر کردووە.
یاریدەدەری شارەوانیی وان لەنێو دەسبەسەر کراوان دایه و بەپێی ماڵپەڕی TRTxeber سەربە حکوومەتی تورکیه، ئەو ٥٠ هاووڵاتییە کوردە بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبێکی دژبەری دەوڵەتی تورکیه و ئەنجام دانی کردەوەی تیرۆریستی، لەلایەن پۆلیسی ئەو وڵاتەوە دەسبەسەر کراون.
لە سێ رۆژی رابردووشدا لە چوار شاری شرناخ، شەمدینلی، ئەزمیر و هەکاری لە کوردستانی تورکیه، ٥٤ هاووڵاتیی کورد لەلایەن پۆلیسی تورکیەوە بە تۆمەتی ئەنجامدانی چالاکیی هەڵخڕێنەرانە و زیان گەیاندن بە شوێنە گشتییەکان دەسبەسەر کراون.
دەوڵەتی تورکیە تاوانی زۆربەی ئەم دەسبەسەر کراوانەی، ئەنجام دانی کردەوەی تیرۆریستی و ئەندامەتی لە پارتیکی دژبەری حکوومەتی تورکیه لە قەڵەم داوە.
شەپۆلی دەسبەسەر کردنی هاووڵاتییانی کورد لە کوردستانی تورکیه لە کاتێکدا ئەنجام دەدرێت کە نزیکەی ٧٠٠ زیندانی سیاسیی کورد بە نیشانەی ناڕەزایەتیی لە هەمبەر هەڵاواردنەکانی دەوڵەتی تورکیە و پێڕاگەیشتن بە بارودۆخی گەڵی کورد، ماوەی ٦٨ رۆژ مانیان لە خواردن گرت.