کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاودیتنی دوو شاندی حیزبی دێمۆکرات و پارتی دێمۆکراتی کوردی سووریه

16:15 - 7 سەرماوەز 2712

کوردستان میدیا: شاندێکی پارتی دێمۆکراتی کوردی سووریه، سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێرانیان کرد.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٦ی سەرماوەزی ١٣٩١ی هەتاوی، شاندێکی پارتی دێمۆکراتی کوردی سووریه بە سەرپەرستیی بەڕێز لەزگین مەحموود فەخری سکرتێری گشتیی ئەو پارتە، سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێرانیان کرد و لەلایەن شاندێکی حیزبەوە بە سەرپەرستیی بەڕێز مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزب پێشوازییان لێ کرا.
لەو دانیشتنەدا بەڕێز لەزگین ئامانج لە سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان کە بەسەر کردنەوەی دۆستان و را گۆڕینەوە لەگەڵ لایەنە جۆراوجۆرەکان لەسەر پرسی کورد بوو، بۆ شاندی حیزب شی کردەوە.
نابراو لەم هاودیتنەدا تیشکی خستەسەر گیروگرفتەکانی نەتەوەی کورد لە کوردستانی سووریه و ئاستەنگەکانی سەر رێگای خەباتەکەیان و هەروەها لەو بڕوایەدا بوو کە رزگار بوون لەدەست رێژیمی بەعسی سووریه و بنیاتنانی دەسەڵاتێکی نەتەوەیی لە کوردستانی سووریه و دابین بوونی ئامانجە نەتەوەییەکانی کورد و هەروەها یەکڕیزیی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کورد وەکوو پێویستییەکی مێژوویی ئامانجی شوڕشی گەڵی کورد لەو پارچەیەی کوردستان دایه.
پاشان بەڕێز مستەفا هیجری وێڕای ئاماژە بە روانینی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە پێوەندی لەگەڵ رەوشی کورد لە سووریه گوتی: رەمزی سەرکەوتن و گەیشتن بە ئامانجە سیاسی و نەتەوەییەکانی کورد بەگشتی و لەو بارودۆخەشدا بۆ کوردی سووریه بەتایبەتی، هاتووەتە دی و یەکیەتی و هاوخەباتی لەم قۆناغەدا ئەرکێکی نەتەوەیی‌یە و هیوادارم بەو هاوخەباتییە، گەلی کورد لە کوردستانی سووریه بتوانن رێژیمی بەشار ئەسەد بڕووخێنن و بێگومان رووخانی رێژیمی بەشار ئەسەد له پرۆسەی سیاسیی ناوچەکە و بەرەوپێشچوونی خەباتی گەلی کورد و لاواز بوونی پێگەی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ناوچەکە شوێندانەر دەبێ و هەرچەندە بزووتنەوەی ئازادیخوازیی گەلانی ناوچەکە لە پێشکەوتندا بێت، بەو رادەیەش رێژیمە دیکتاتۆرەکان زیاتر لاوازی بە خۆیانەوە دەبینن.
لە کۆتاییشدا هەر دوو شاندی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران و حیزبی دێمۆکراتی کوردی سووریه لەسەر پتەوتر کردنی پێوەندیی دوو لایەن پێداگرییان کردەوە.