کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەحکووم کرانی ئێران لە بڕیارنامەی کۆمەڵەی گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان

12:50 - 8 سەرماوەز 2712

کوردستان میدیا: لە دانیشتنی ساڵانەی کۆمیتەی سێیەمی کۆمەڵەی گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، پێشنیاری کانادا لەمەڕ دەرکرانی بەڕیارنامەیەک بۆ مەحکووم کردنی پێشێڵکاریی مافی مرۆڤ و سەرکوتی لەرادەبەدەری بەرگریکارانی مافی مرۆڤ لە ئێران پەسند کرا.
هەواڵدەریی فەرانسە بڵاوی کردەوە، لە ٦٧مین دانیشتنی کۆمیتەی سێیەمی کۆمەڵەی گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کە رۆژی سێ‌شەممە لە مەقەڕی ئەو رێکخراوە لە نیۆیۆرک بەڕێوەچوو، ئەم بڕیارنامەیه بە ٨٣ دەنگی ئەرێنی، ٣١ دەنگی نەرێنی و ٦٨ دەنگی بێلایەن پەسند کراوە.
رەشنووسی ئەم بڕیارنامەیە بە پێشنیاری دەوڵەتی کاناداوە ئامادە کرابوو کە لەلایەن ٤٢ وڵاتەوە پاڵپشتیی لێ کرا.
ساڵی رابردووش دەوڵەتی کانادا روشنووسێکی دیکەی لەمەڕ پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە ئاراستەی کۆمەڵەی گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە بە ٨٦ دەنگی ئەرێنی، ٣٢ دەنگی نەرێنی و ٥٩ دەنگی بێلایەن پەسند کرا.
لەم بڕیارنامەیەدا ئەشکەنجە و لەسێدارە دان، سەرکوتی توند و بەربڵاوی ئازادییەکان و توندوتیژی لە دژی ژنان لە ئێران مەحکووم کراوە.
نوێنەری ئێران لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەرگریی لە هەڵسوکەوتی ئێران لە بواری مافی مرۆڤدا کردووە و رەخنەی لەو وڵاتانە گرتووە کە پشتیوانیی ئەم رەشنووسەیان کردووە.
لە بڕیارنامەی ساڵی رابردووشدا قامچی لێدان، بڕینەوەی ئەندامانی لەش، زیاد کردنی رێژەی سزای سێدارە و بەتایبەت لەدژی کەمایەتییەکان، بە توندی مەحکووم کرابوو.
ئەحمەد شەهید رێپۆرتێری تایبەتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لە ئێران، رێکەوتی ٣ی خەزەڵوەری ١٣٩١ی هەتاوی راپۆرتی پێشێلکاریی مافی مرۆڤی پێشکەش بە کۆمیتەی سێیەمی کۆمەڵەی گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد.
ناوبراو لە راپۆرتەکەیدا باسی لە پێشلکاریی بەربڵاوی مافی مرۆڤ لە ئێران کردووە و داوای لە رێژیمی ئێران کردووە بەپێی کونڤانسیۆنە نێودەوڵەتییەکان، پێداچوونەوە بە یاساکانی خۆیدا بکات و وەکوو یەکێک لە واژۆکەرانی ئەم جاڕنامانە پابەند بە بەڵێنییەکانی بێت.
کورەی باکوور، سووریه، چین، کووبا، ئێکوادۆر، بلارووس، قەزاقستان و ئۆروگۆئه لەو وڵاتانە بوون کە دەنگی نەرێنییان بە بڕیارنامەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان داوە.