کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەیئەتێکی پێوەندییەکانی حیزبی دێمۆکرات لە هەولێر لەگەڵ شاندێکی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبۆوە

20:03 - 9 سەرماوەز 2712

کوردستان میدیا: شاندی پێوەندییەکانی حیزبی دێمۆکرات و پێوەندییە کوردستانییەکانی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاری هەولێر، دیدار و چاوپێکەوتنیان پێک هێنا.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٨ی سەرماوەز، شاندێکی پێوەندییەکانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە شاری هەولێر بە سەرپەرستیی بەڕێز محەممەد ساڵح قادری ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی، سەردانی پێوەندییە کوردستانییەکانی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستانیان کرد.

ئەو شاندە لەلایەن شاندێکی پێوەندییە کوردستانییەکانی یەکیەتیی نیشتمانییەوە بە سەرپەرستیی بەڕێز ئازاد جۆڵا پێشوازیی لێ کرا.
لە سەرەتای ئەم دیدارەدا بەڕێز محەممەد ساڵح قادری سەبارەت بە بارودۆخی ئێران بەگشتی و ئاستەنگ و کێشە و ئاریشەکانی بەردەم رێژیمی ئێران لە نێوخۆی ئێران و دەرەوەی وڵات چەند باسێکی خستەڕوو و تیشکی خستەسەر روانگە و سیاسەتەکانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان لە قۆناغە جۆراجۆرەکانی خەباتیدا و لەسەر بارودۆخی کورد بەگشتی و بارودۆخی هەنووکەیی کوردستانی ئێران چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.
پاشان بەڕێز ئازاد جۆڵا، ، ستایشی رۆڵی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێرانی لەسەر مێژووی پێوەندی و دۆستایەتیی هەر دوولا لە قۆناغەکانی خەباتی شار و شاخدا کرد.
لە کۆتایی ئەو دیدارەدا هەر دوولا لەسەر بەردەوام بوونی پێوەندییەکان و هاوکاریی زێدەتر، پێداگرییان کردەوە.