کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوایین پەلەقاژەی رێژیمی بەشار ئەسەد و پێویستە گەلی كورد چی بكات \" سمكۆ بێكەس\"

13:18 - 12 سەرماوەز 2712

سمكۆ بێكەس

ئەگەرچی زیاتر لە ساڵێكە شۆرشی گەلانی سوریە دژی دەسەڵاتی دیكتاتۆری بەشار ئەسەد، دەستی پێكردووە و رۆژ لەگەڵ رۆژ كڵپەی شۆڕشەكە پەرەی سەندووە و خەڵكی رۆژئاوای كوردستان بەشیك بوون لەم راپەرینە جەماوەرییە وجێگەی داخە كە زیاتر لە هەزاران كەس بوونە قوربانی بۆ سەركەوتنی ئەم خەباتە بەڵام بە داخەوە دەتوانین دەست لە سەر ئەو خاڵە لاوازە دابنێین كە بۆ چی ئەم شۆڕشە ئەوەندە درێژەی كێشا و ئەو دەسەڵاتە لەرزۆكە، كە لە دوایین پەلەقاژەی خۆی دایە بۆچی دانارمێ و ناروخێ. بۆیە سەرەكیترین هۆ نەبوونی هێزێكی پوختە و پتەوی ئوپوزسیونی یەكگرتووە لە ماوەی دەسپێكی ئەم شۆڕشەدا هەتا بتوانێ دەسەڵاتی بەشار ئەسەد بە یەكجاری لە ناو ببات كە خاڵی گرینگە بۆ وەدی نەهاتنی خەونی شۆرشگێران و خەڵكی راپەڕیوی سوریە و بەداخەوە بێ متمانەیی جیهانی دەرەوە بە شۆڕشی جەماوەری نەیتوانی لە ماوەیەكی كورت دا بە ئاكام بگات، لە لایەكی ترەوە دەوڵەتانی زۆر نزیك لە بەشار ئەسەد وەك ئیران و روسیە و چین كە بەرژەوندی گرینگیان لە مانەوەی رێژیمەكەی ئەسەدا هەیە بە هەموو توانایانەوە دەستیان بە پشتی ئەم رێژیمەوە گرتووە تا هەر چۆن بێت بۆ ماوەیەكی درێژتر بە لەرزۆكیش بێت رای بگرن، بۆیە دوای ئەو ماوە دریژە دەتوانین بڵێن بە خۆشییەوە لە چەند رۆژی رابردوو دا بە یەكگرتنی زۆرینەی هێزە سیاسی و كەسایەتییە سیاسییەكانی سوریە خەونی یەكگرتووی وەدی هێنا و هەر لەگەڵ كۆتایی كۆبوونەوە و راگەیاندنی بەیاننامەكەیان، یەكسەر وڵاتانی عەرەبی و ئەمریكا و فەرانسە و توركیە و چەند وڵاتێكی تر ئەم هێزەیان بە فەرمی ناسی و بە جێگرەوەی رێژیمەكەی ئەسەدیان دانا، بەڵام وەك دەر دەكەوێ بە داخەوە بە هۆیی لاوازی پێگەی كورد لە ناو ئەو هێزانەدا هاوسەنگی كورد لە دەسەڵاتی دوایی ئەسەد زۆر لاواز دەبێت و گەر كورد خەم لە خۆیی نەخوا ئەوا بە داخەوە جارێكی تر رەنج بە خەسار دەبێت. هەروەها ئاشكرا بوو كە ئۆپۆزسیۆنی یەكگرتووی راگەیاندراوی جێگەی متمانەی وڵاتانی ئەمریكا وفەرنسە و توركیە و وڵاتانی عەرەبی لە پشتی پەردەوە دیسان رێككەتنامەیەكی تریان بە دژی كورد ئیمزا كردووە كە ئەم جاریش بۆ لە بار بردنی دەسەڵاتی كوردی لەو ناوچەیە كە خاكی كوردستانە و تەنیا مافی نشینگەی كوردانە، جێگەی داخە كە بروا بە گورگ بكەی و مەڕی پێ بسپێری ، بەراستی وڵاتێك نییە بە ناوی دۆستی كورد و بەرژەوەندی هەموو وڵاتەكان وا داوا دەكات كە نەهێلین كورد ببێتە خاوەن مافی یاسایی و ئاسایی خۆی.
بۆیە تەنیا چەكێك كە كورد هەیەتی و دەتوانێ بە كاری بێنێ هێزی خەڵكە، ئەویش تەنیا بە یەكگرتوویی هەموو هێز و كەسایەتییە سیاسی و مەدەنییەكانی كوردەكانە كە دەتوانن یەك دەنگ و یەك بروا و یەك بیر و را بێنە ناو مەیدانی راستی ئەمرۆی سوریە و بڵێن ئەم خاكەی كە كورد لە سەری دەژی خاكی كوردستانە مافی كوردانە و بۆیە تەنیا كورد بۆی هەیە خاوەنداریەتی بكات. ئیتر كاتی ئەوە بە سەر چوو دەسەڵاتێك بێت و بە زوڵم و زۆر خۆی بسەپێنێ بە سەر خەڵكی كوردستان دا و تەنیا كورد بۆی هەیە لە كوردستانێكی ئازاد كراو دا خاوەنی حكومەت و دەسەڵاتی كوردانەی خۆی بێت.
ئەگەر ئەمرۆ ئەم دەرفەتە لە دەست بدەین زەحمەتە جارێكی تر ئەم هەلە بێتە دی و كات بەرە و كۆتایی دەچێ و رێژیمەكەی بەشار ئەسەد لە گیان ئەڵایی مردن دایە و دوایین هەناسەی ژیانی دەسەڵاتی خۆی دەدا لە دیمەشقی پایتەخت كە لەگەڵ بێ دەنگ بوونی چەكەكانی هێزی ئەسەد لە دیمەشقدا، تەپڵی سەركەوتن لێ دەدرێ و لەم نێوەدا رسوایی بۆ ئەو وڵاتانە دەبێت كە بە درێژایی ئەم ماوە پشتیوانی رێژیمەكەی ئەسەدیان دەكرد وسەركەوتن بۆ ئیرادەی گەل دەبێ ونەمری بۆ شەهیدانی رێی رزگاری گەل و سەربەزی بۆ بنەماڵەی ئەو شەهیدانە دەبیت كە بە خۆێنی خۆیان داری ئازادییان ئاودێر كرد.
بۆیە كوردینە كات كاتی یەكگرتنە و بائەمە ببێتە دەرس و ئەزمونیكی گرینگ بۆ كوردانی هەر چوار پارچەی دابەشكراوی كوردستان كە كەس دۆستی كورد نییە و تەنیا بەیەكگرتن دەتوانین دەستەبەری ئازادی بۆ گەلەكەمان بكەین و هیوادارین دوایی داڕمانی دەسەڵاتەكەی ئەسەد بەم نزیكانە لە ئێرانیش دا شۆڕشێكی جەماوەری بۆ روخانی رێژیمی ئاخوندەكان سەرهەڵ بدات ودەسەڵاتی ئاخوندەكان رابماڵێ و ئازادی بۆ گەلانی ئێران وەدی بێت باشتر وایە لە ئێستاوە بۆ ئەوەی رەنج بە خەسار نەبین وخەباتی چەندین ساڵەمان بە فیرۆ نەروات یەكگرتن بكەینە هەوێنی سەركەوتن بۆئازادی گەلەكەمان.