کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یازدە كەس لە ئەندامانی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایان لە شاری سنە بەزیاتر لە ٣ ساڵ زیندان مەحكووم كران

14:40 - 12 سەرماوەز 2712

كوردستان میدیا: لقی ٣‌ی دادگای ئینقلابی رێژیمی ئیسلامیی لە شاری سنە حوكمی سێ ساڵ و ٨ مانگ زیندانیی بەسەر ١١ كەس لە ئەندامانی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی پارێزگای سنەدا سەپاند.
عەلی قورەیشی، محەممەد سەدیق سادقی، پەیمان نەودینیان، پەرویز ناسێحی، عیزەت نوسرەتی، كەماڵ فەكوورییان، رامین زەندنیا، هیوا ئەحمەدی، رەزا وەكیلی، مستەفا سەربازان و بەهادین مەلەكی ئەو چەند كەسەن كە حوكمی ٤٤ مانگ زیندانی تەعزیرییان بەسەردا سەپاوە.
هەواڵدەریی هرانا بڵاوی کردەوە، ئەو یازدە هاووڵاتییە هەر كام بە ٤ مانگ زیندانیی تەعزیری و هەلپەسێراو بۆ ماوەی دوو ساڵ حوكم دراون.
دەزگا قەزاییەكانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران تۆمەتی پروپاگەندە بە دژی نیزامیان داوەتە پاڵ ئەو هاووڵاتیانە.
ئەو هاووڵاتیانە پێشتریش لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانەوە دەستبەسەر و رەوانەی زیندانیی ناوەندی شاری سنە كرابوون، بەڵام لە ئەنجامی زەخت و گوشاری چالاكانی مەدەنیی و مامۆستایان، پاش دوو رۆژ، بە دانانی وەسیقە ئازاد كران.

پێشتریش پەیمان نەودینیان بەڕێوەبەری ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی پارێزگای سنه بەشداری تاقیكردنەوەكانی كارناسی بالای ئەدەبیاتی ئینگلیزی كردبوو بەڵام لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەكانەوە پێشی پێگیراو لە درێژە دان بە خوێندن بێبەری كرا.