کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەرێ نەمانی ئێرانێکی یەکپارچە و دابەش بوونی، لە بەرژەوەندی میللەتی فارسی ئێرانی دایە یان نا؟(دوکتور حەسەن شەتەوی)

13:41 - 14 سەرماوەز 2712

کە چاوێک بەو نوسراوە و راگەیەندراو و کتێبەکاندا دەگێڕین، کە لەلایەن فارسە رەگەزپەرستەکان و تورکە شۆڤینیستەکانەوە نووسراون، دەبینین کە نەتەوەی کورد لەوێدا بە وەحشی و تورکی شاخی و دز و جەردە و بێ شوناسی مێژوویی و جاری واش بووە کە بە نەسڵی شەیتان لە قەڵەم دراوە، بەڵام هەر لەو کاتەشدا بۆ بە لاڕێ دابردنی رای کۆمەڵگا بە نەسڵی و رچەڵەکی ئاریاییەکان دەناسن.
هەستی شۆینیزمی ئەوانە ئەوەندە بە هێزە، کە ئامادەی ئەوەیان تێدا نییە، لانی‌کەم ئەو مافەی، وەک نەتەوەیەک بە خۆیانی ڕەوا دەبینن، بە نەتەوەکانی دیکە رەوا ببینن.

لەوەی کە خۆیان تامی تاڵی ژێردەستیان نەچێشتووە، یان بۆ گەیشتن بە ماف و ئازادییە سیاسی و کۆمەڵایی و فەرهەنگییەکان خوێنیان نەداوە و نەچوونە سەنگەرەوە، هەر بەو ئەندازەیەش بێ توانان لە دەرک کردنی نەتەوەیەک کە لەژێر دەستی ئەواندا دەناڵێ، ئەوانە هیچ کات ناتوانن باوەڕیان بە مافی چارەی خۆنووسینی نەتەوەکانی دیکەی ناو بازنەی دەسەڵاتیان بێ، ناتوانن لەم بارەوە بە تایبەتی لەسەر نەتەوەی کورد نەزەری دروستیان لێ چاوەڕوان بکرێت.
لە پێوەندی لەگەڵ کۆنفرانسەکانی بروکسل و پراگ و ئەوانەی کەلە داهاتووشدا جا لەهەر شوێنێک بێ دەبن و لەودا ئاڵای شیر و خورشیدی شاهەنشاهی سەکۆی کۆنفرانسەکان دەڕازێنێتەوە، هەر جۆرە چاوەڕوانییەک سەبارەت بە مەسەلەی نەتەوەی لە ئێراندا دەکاتەوە بڵقی سەر ئاو.
لێرەدا خراپ نییە کە ئیشارەیەک بە کۆنگرەی کۆنفدراسیۆنی خوێندکارانی ئێران بکەم، کە لە ساڵی ١٩٦٧ لە شاری فرانکفورتی ئاڵمان گیرا و من وەک نوێنەری خوێندکارانی کورد لەوێدا بەشدار بووم.
لەو کۆنفرانسەدا کە بەڕیزان مێهدی خان‌بابا تارانی و حەسەن ماسالی و مەتین دەفتەری و هەروەها هێندێکی دیکە لە دۆستانی ئێرانی بەشدار بوون، لە بەیاننامەی کۆتایی کۆنگرەدا کە ناوی خلق‌های ایران هاتبوو ترس و خۆفیان بوو. بەڵام دوای یەک حەوتوو باس و وتووێژ قەبووڵی ئەوەیان کرد، کە نا بابە، مافی نەتەوەکان تا رادەی چارەی خۆنووسین دەتوانێ بۆ ئێرانی فرەنەتەوە بنەمایەکی بەهێز بێ بۆ بەیەکەوە مانەوی ئێران، بەڵام ئێستا هەر ئەو بەڕێزانە بە بادانەوەیەکی ١٨٠ دەرەجەی خۆیان دوای ٤٥ ساڵ ئەو نەزەرەی ئەو کاتیان دەخەنە پشتگوێ، ئێستا داوای نەتەوەی کورد و هێزە سیاسییەکانی ئەو نەتەوەیە کەلە چوارچێوەی فیدرالیزمدا خۆ دەنوێنێ بە جوداییخوازی ناو دەبەن و وەک خەتەرێک بۆ سەر داهاتووی ئێران دەبینن.
لە شەڕی ئێران و عێراقدا، سەدام حوسێن کە هێرشی کردبووە سەر باشووری ئێران، نەیتوانی هەتا میترێکیش لە خاکی کوردستان داگیر بکات، لە راستیدا ئەوە سیاسەتی حیزبی دێمۆکرات بە رێبەریی دوکتور قاسملوو بوو، کە سەدام نەیتوانی بێتە ناو خاکی کوردستان، لێرەدا بۆ جارێکی دیکە نەتەوەی کورد نیشانی داوە کە یەکپارچەیی ئێرانی بۆ گرینگە، بەم شێوەیە ئەوە تەنیا بەهانەیەکە، کە داوای فیدرالیزمی هێزە کوردستانییەکان وەک نوێنەری نەتەوەی کورد لە ئێراندا وەک جوداییخوازی و هەڕەشە بۆ سەر یەکپارچەیی ئێران سەیر بکرێ، ئەوە تەنیا دەچێتە خانەی بێ ئەرزش سەیر کردنی مافی رەوای نەتەوەی کورد لە چوارچێوەی ئێرانێکی دێمۆکراتدا. ئەگەر وا دابنێین کە ئەو بەرخورد کردن و پێش‌بینیانەی فارسە ئێرانییەکان راستە، بە بڕوای من هیچ کێشەیەک نییە، کە کوردەکان لە ئێران جودا ببنەوە چون ئەوە بە قازانجی خودی فارسە ئێرانییەکان تەواو دەبێ. لەم بارەیەوە لە کۆتای ئەم وتارەمدا زیاتر شی کردنەوە دەدەم.
بە درێژای مێژوو هەر کات نەتەوەی کورد لە ئازارەکانی ژێر دەستی راپەریوە و داوای مافە پیشێل کراوەکانی خۆی کردووە، هەمیشە بە خەیانتکار و یاغی و دز و جەردە و رێگر، تاوانباریان کردووە، خەڵکیان بەم شێوەیە خستۆتە ناو بەندیخانەکان و ئەشکەنجە و ئازاری رۆح و گیانیان داون و دەستە دەستە رەوانەی بن پەتی سێدارەیان کردوەن و یان کۆمەڵکوژی و ەشەکوژیان بە دژی ئەم نەتەوەیە دەست پی کردووە.
با ئیستا سرنجیک بدەینە وتویژی بەڕیز عەلیرەزا نووریزادە کە لە ڕیکەوتی ٢٤/١١/٢٠١٢ لە شازادە رەزا پەهلەوی دەپرسێ: نەزەری بەڕیزتان لەسەر خوێندن بە زمانی قەومی و ناوچەیی لە پاڵ زمانی فارسیدا و هەروەها دانانی فەرماندار، شارەدار لەو قەومانە بۆ بەڕێوەبردن، لەم ناوچانەدا چییە؟ له وەڵامی ئەم پرسیارهدا شازاده دەڵێ بە شەرتێک کە دەسەڵات و بەرپرسایەتی کاروباری ئەرتش، ئیدارە کردنی ئابووری، بەڕێوەبەری و هەروەها سیاسەتی نێونەتەوەی و پۆستە گرینگەکانی حکوومەتی، هەر لە دەست خودی حکوومەتی ناوەندیدا بمێنێتەوە.
من لە گەڵ هێزە قەومییەکانی وەک حیزبی دێمۆکرات و کۆمەڵە و بلوچ و ئازەری دیدار و چاوپێکەوتنم بوە، ئێمە هەموومان خاوەنی یەک زمانی هاوبەشین کە ئەویش فارسییە، بەڵام لە بارەی جیا بونەوەی کوردەکانەوە دەڵێ: ئێمە لە رێگای ئاشتییەوە دەمانهەوێت ئەوان پەروەردە بکەین و ئەگەر هەر پێداگریشیان لەسەر جیابونەوە کرد ئەوە ئەو کات ئێمە رێگای دیکە دەگرینە بەر.
ئەوە بەو مانایه کە شاهزادە دووبارە دەیهەوێت کوردەکان بەرێتەوە بن پەتی سێدارە بە شێوەی رابردوو میراتی باب و باپیرانی و لەم دوایانەشدا ئاخووندەکانی ئێران سەبارەت بە نەتەوەی کورد بپارێزێ، بەڵام لەوە سەیرتر هەلسوکەوتی سوسیالیست، کومۆنیست، شاپەرست، کۆماری‌خواز، سوسیال دێمۆکرات و موجاهیدینەکانە، کە هەموو بەیەکەوە و یەک دەنگ، نەزەر و بۆچونەکانی شای داهاتووی ئێران لەسەر مافی چارەی خۆنووسی نەتەوەکان پێداگری دەکەنەوە. ئەوە لە کاتێک دایە کە هیچ یەک لە حیزبیە کوردەکانی مەیدانی خەبات تا ئێستا خوازیاری جودایی کوردستان لە ئێرانیان لە چوارچیوەی بەرنامە ی خۆیاندا نەگونجاندووە. بەڵام با فەرز کەین کە مەسەلەن بە درێژای ٣٠ ساڵی رابردوو پارێزگای خوڕاسان یان خوزستان لە ئێران جودا ببونەوە و خۆیان لە ژیر سوڵتەی حکومەتی جەلادەکانی ئێران نەجات دابێ، دێمۆکراسیان لە ئێران بەدی هێنابێ لەم رێگایەوە گیانی هەزاران کەسیان لە ئەشکنجە و ئازار و ئیعدام رزگار کردبێ. ئایە ئەوە لە بەرژەوەندی فارسە ئێرانیەکانیش دا نەدەبوو. هەر بۆ نمونە ئەگەر ئەم دوو بەڕیزە ویژدانی خۆیان بکەن بە قازی و لەگەڵ خۆیان و ویژدانیاندا راست بکەن، بۆ ئەوانیش بەهرەیەکی ئیلاهی نەدەبوو، تا بە جێگای ئەوەی دەیان ساڵ لە تەمەنیان لە هەڵوەدای و دەربەدەری لە وڵاتانی ئورووپا و ئەمریکادا بەرنەسەر لە ناو نەتەوەکەی خۆیان دابایەن و خزمەتێکیان بە وڵات و گەلی خۆیان کردبایە. داوای رەوا و بەرحەقی نەتەوەی کورد شتێک نییە بێجگە لە مافە ئینسانییەکان، کەلە قانوونە نێودەوڵەتییەکاندا بە وردی ئیشارەیان پێ کراوە. نەتەوەی کورد بە تێکڕا لە هەموو بوارەکاندا داوایەکی نەکردووە کە دژی نەتەوەیەکی دیکە بووبێ، مافەکانی خۆی کە حەقی بێ ئەملاو ئەولای خۆیەتی داوا دەکات. ئەوە شتێک نییە کە هەر بە گوتن بێ زۆریەک لە بەرنامە و کاری ڕۆژانەی حیزبە سیاسییەکان و ئەدیب و نووسەران و تێکۆشەرانی نەتەوەی کورد ئەم وتەیەی من تەئید دەکەن. بۆ نمونە مامۆستا هێمنی شاعیر دەڵێ:
شیوەنی من شینی کوردی بێ بەشە
ئەو گەلەی حاشا دەکەن لێی و هەشە
شیوەنی من شێوەنی ئینسانییە
بانگی ئازادی و گڕۆی یەکسانییە

بە داخەوە سیاسەتی حکومەتی ناوەندی هەمیشە لە سەر ئەوە بووە، کە کوردستان لە بێ بەشی و دواکەوتوویی ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیدا بێڵێتەوە، لە ئەنجامدا هەم حکوومەتی پاشایەتی و هەم کۆماری سێدارەی ئیسلامی بێجگە لەوەی کە هێندێک رێگا و بانی نیزامی ستراتیژیان بۆ سەرکوت کردنی شۆڕشی کوردەکان لە ناوچە کوردنشینەکاندا لێ داوە و بە ملیارد دۆلاریان بۆ میلیتاریزە کردنی کوردستان خەرج کردووە، هیچ سەرمایەکی دیکەیان نەناوەتە خزمەت ئەم ناوچانە و خزمەتی ئەم نەتەوەیان پێ نەکردووە، نەتەوەی کورد بە چی ئەم حاکمیەتە دڵی خۆش بێ و بە کوێی هەڵا بڵێت. لە کاتێکدا نەتەوەی کورد تەنیا داوای مافە ئینسانییەکانی خۆی دەکات. ئەم داوایانەی نەتەوەی کورد لە بەرژەوەندیی تێکڕای گەلانی ئێران دان و یەک لەوان نەتەوەی فارسە. کورد تەنیا بۆ مافی نەتەوایەتیی خۆی داوا ناکات، ئەو مافانە کە کورد داوایان دەکات لە بەرژەوەندیی تەواوی کۆمەڵگای ئێران دان بە هەموو پێکهاتە نەتەوەی و ئایینییەکان خۆیان دەبیننەوە و مرۆڤێکی بە ویژدان کە دوور بێ لە دەمارگرژی و رەگەزپەرستی و بیروبۆجونی شۆڤینیستی، ناتوانێ ئەم داوایانە بخاتە ناو خانەی لێکدابڕان و جیاییخوازی و بڕوبیانووی دیکە.
کورد دەیهەوێت لە ناوچە کوردنشینەکانیش بەپێی پێویست نەخۆشخانە، دانیشگا، ناوەندی فەرهەنگی و ئابووری و هەروەها دابین کردنی کار بۆ کاسبکاران و بە تایبەتی لاوان و ژنان، دابین کردنی ئازادییەکانی سیاسی و فەرهەنگی بۆ کورد و نەتەوەکانی دیکەی ناو ئێران هەروەها جودایی دین لە دەوڵەت.
خاڵی کۆتایی لێرە دایە کە ئەگەر بێت و نەتەوەی کورد لە وڵاتی ئێران دابڕێ و بۆ خۆی ببێتە خاوەن ماف و وڵات و حکوومەتی خۆی، ئەوەش بە دڵنیایەوە هەر لە بەرژەوەندی هەردووک لا دادەبێ.
چونکه ئەو ملیارد دۆلارانەی کە ساڵانە خەرجی میلیتاریزە کردنی ناوچە کوردنشینەکانی دەکات دەگەڕێنەوە بۆ حکوومەت و دەتوانێ خەرجی ناوچە فارس نشینەکانی بکات، هەروەها دەتوانن پاڵ بدەنەوە سەر سەرینی بێخەمی و چی دیکە گوێ نەدەن بە هەموو راگەیاندن و دژکردەوانەی تێکۆشەرانی کورد و هێزە سیاسییەکانی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات.
لە بەرابەریشدا نەتەوەی کورد دەبێتە خاوەن ژیانی خۆی و ئەو کات قەوم دەبێ تایفە دەبێ یان عەشیرە و نەتەوە بە فارسەکان هیج رەبتی نابێ، تەنیا شتێک کە دڵنیامان دەکاتەوە، ئەوەیە کە حکوومەتی نەتەوەیەکی هەزاران ساڵەی ژێر دەست وەک نەتەوەی کورد زۆر ئینسانی و دێمۆکراتیانە هەڵسوکەوت دەکات و رێز لە مافی تێکڕای مرۆڤەکان دەگرێ و لەودا جێگایەک بۆ زیندانی بە ناحەق و پەت و سێدارە نابێ.

دوکتور حەسەن شەتەوی