کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزە ئەمنیەتییەکانی تورکیه لە ماوەی ٦ رۆژدا ١٠٠ هاووڵاتیی کوردیان دەسبەسەر کردووە

14:30 - 14 سەرماوەز 2712

کوردستان میدیا: لە ماوەی شەش رۆژی رابردوودا لە شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستانی تورکیه، ١٠٠ هاووڵاتیی کورد بە دەستی هێزە ئەمنیەتییەکان و پۆلیسی تورکیەوە دەسبەسەر کراون.
ماڵپەڕی TRTxeber رێکەوتی ٨ی سەرماوەز بڵاوی کردەوە، لە توونجەلی بە هۆی راپۆرتی ئەندامانی رێکخستنی پۆلیسی ئەمنیەتیی تورکیه ٢٤ کەس لە نێو ئەشکەوتێکدا دەسبەسەر کراون و پاشان بە فڕۆکە بۆ شوێنێکی نادیار لە نێو شاری توونجەلیدا راگوێزراون.
هەر لەو پێوەندییەدا رێکەوتی ٩ی سەرماوەزیش لە شاری وان ٨ کەس بە تۆمەتی ئەندامەتی لە گرووپێکی چەکداری دژبەری حکوومەتی تورکیه، لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی ئەو وڵاتەوە دەسبەسەر کران.
١٣ هاووڵاتیی کوردی دیکەش لە شارێکی کوردستانی تورکیه (ناوی شارەکە لەلایەن سەرچاوەکەوە ئاشکراو نەکراوە)، بە تۆمەتی ئەنجام دانی کردەوەی تیرۆریستی لە دووکانێکدا دەسبەسەر کراون.
رێکەوتی ١٣ی سەرماوەزیش ١٣٩١ی هەتاوی، لە ئەیالەتی زیلەند لە هۆلاندای ٥٥ چەکداری سەربە پارتی کرێکارانی کوردستانلەلایەن هێزەکانی حکوومەتی تورکیەوە دەسبەسەر کراون.
حکوومەتی تورکیە و ماڵپەرەکانی سەر بەو حکوومەتە تۆمەتی وەکوو ئەنجام دانی تەقینەوە، چالاکیی هەڵخڕێنەرانه (تحریک آمیز)، زیان گەیاندن بە رێکخراو و شوێنە گشتییەکان و ئەنجام دانی کاری تیرۆریستیی داوەتە پاڵ سەرجەم ئەو دەستبەسەر کراوانە.
شەپۆلی دەسبەسەر کرانی هاووڵاتییان کورد لە کوردستانی تورکیە پاش کۆتایی هاتن بە مانگرتنی چالاکانی سیاسی لە زیندان دەستی پێکرد.


ئەمە لەحاڵێک دایە کە بەشێکی بەرچاو لە کوردەکانی کوردستانی تورکیە بە نیشانەی پشتیوانی لە داواکاریی زیندانیانی سیاسیی مانگرتوو، کۆمەڵێک چالاکیی مەدەنییان بەڕێوە برد و بۆ ماوەی چەند رۆژ مان گرتنی گشتییان راگەیاند.

ویستی زیندانیانی سیاسیی مانگرتوو لە تورکیە و ئەو کەسانەی کە پەیوەست بە مانگرتنەکەوە بوون، بە فەرمیی ناسینی زمانی کوردی، پێڕاگەیشتن بە بارودۆخی کورد لەو وڵاتە و ئازاد کردنی عەبدوڵڵا ئوجەلان رێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان بوو.
هەروەها لە رێکەوتی ٤ی سەرماوەز، هەتا ٧ی سەرماوەز ، لە ماوەی چوار رۆژدا لە شارەکانی وان، لغدر، مەرسن، شەمدینلی، شرناخ و هەکاری، ١٠٤ هاووڵاتیی کورد بە تۆمەتی ئەندامەتی لە گرووپێکی دژبەری حکوومەتی تورکیه و بەشداری لە خۆپیشاندان لەدژی دەوڵەتی ئەو وڵاتە لەمەڕ جێبەجێ کردنی داخوازیی زیندانیانی سیاسیی مانگرتوو ، دەسبەسەر کرابوون.