کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژرانی هاووڵاتییەکی کوردی ورمێ، لە شاری زەنجان

19:01 - 27 خاکەلێوه 2712

کوردستان میدیا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی ورمێ لەلایەن کەسانێکی نەسراوەوە لە شاری زەنجان پاش لێدان بە چەقۆ، کوژراوە.

بەگوێرەی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رێکەوتی ١٩ی خاکەلێوەی ١٣٩١ی هەتاوی، هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی رەوەندی سەربە شاری ورمێ، بەناوی پەرویز سەلامەت، کوڕی خاڵس و تەمەن ٤٥ ساڵ، لە شار زەنجان لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراوە هێرشی کراوەتە سەر و کوشتوویانە.

بەگوێرەی هەمان سەرچاوە و لەزاری کەسێکی نزیک بە بنەماڵەی پەرویز سەلامەت، حەفتەیەک پێش ئێستا ناوبراو لە شاری زەنجان، بڕە پارەیەکی زۆری پێ دەبێ، هەر بۆیە چەند کەسێکی نەناسراو هێرش دەکەن سەری و پاش لێدانی بە چەقۆ بە توندی بریندار دەبێت و دواتر هەر لەلایەن ئەو کەسانە خنکێنراوە.

بەپێی ئەو هەواڵە، حەوتوویەک پاش رووداوە، هیچ زانیارییەک لە هۆکاری کوژرانی پەرویز، لەلایەن ناوەندە پێوەندیدارەکانەوە بە بنەماڵەکەی رانەگەیەنراوە.