کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بوومەلەرزەیەکی ٥،٦ ریشتەری رۆژهەڵاتی ئێرانی هەژاند/ ئامارە بەراییەکان، ٨ کوژراو و ٢٠ بریندار

14:52 - 16 سەرماوەز 2712

کوردستان میدیا: ئێوارەی رۆژی چوارشەممە کاتژمێر ٢٠:٣٨ خولەک، بوومەلەرزەیەک بە گوژمی ٥،٦ ریشتەر، ناوچەی زەهانی لە پارێزگای خوراسانی باشووری هەژاند و لە ئاکامدا ٨ کەس کوژراو و ٢٠ کەسی دیکەش بریندار بوون.
بەپێی راپۆرتی ناوەندی تۆمار کردنی بوومەلەرزەی زانینگەی تاران، ئەو بوومەلەرزەیە بە قوولایی ٩ میتریی گۆی زەوی رووی داوە.
شاری زەهان لە ١١٠ کیلۆمیتریی شاری بیرجەند، لە ناوەندی پارێزگای خوراسانی باشوور هەڵکەوتووە.
محەممەد عەلی ئاخووندی بەرپرسی گشتیی رووداوە کتوپڕەکانی خوراسانی باشوور سەرلە بەیانیی ئەمڕۆ بە هەواڵدەریی مێهری گوتووە: ژمارەی کوژراوان لە ٨ کەس تێپەڕیوە و لە یەکێک لە گوندەکاندا منداڵێک ون بووە.
گیرانی رێگەوبان، رووخانی خانووە کۆن و پرتووکاوەکان و نەبوونی فریاکەوتنی خێرا و پێویست لە هۆکارگەلێکن کە ئەگەری بردنە سەرێی رێژەی قوربانیان لەو ناوچەیەدا زێدەتر دەکات.
ئەم بوومەلەرزەیە ١٥ گوندی ناوچەی زەهانیشی تووشی خەسار کردووە.
بەهۆی ناسەقامگیر بوونی بینا کۆن و پرتووکاوەکان و هاتنی پاش لەرزەی بەردەوام، خەڵکی ئەو ناوچانە ناوێرن بچنەوە ماڵەکانیان و هەروەها بەهۆی سەردیی کەش و هەوا و هاتنی بەفر و نەبوونی خزمەتگوزاریی خێرا و فریاکەوتن، هاووڵاتییان تووشی کێشە و ئاریشە بوون و لە شەقامەکاندا ماونەتەوە.
بەپێی ناوەندی تۆمار کردنی بوومەلەرزەی ئێران، ١٢ پاش لەرزە ناوچەی زەهانی هەژاندووە، کە گەورەترینیان به گوژمی ٣،٥ پلەی ریشتەر بووە.
ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ئێران لەسەر هێڵی بوومەلەرزە دان و ساڵی ١٣٨٢ی هەتاویش بوومەلەرزەیەک بە گوژمی ٦،٦ ریشتەر شاری بەمی لە باکووری رۆژهەڵاتی ئێران کاول کرد و زیاتر لە ٢٦ هەزار کوژراوی لێ کەوتەوە.
لە گەلاوێژی ئەمساڵیشدا هاوکات دوو بوومەلەرزەی گەورە بە گوژمی ٦،٣ و ٦،٤ پلەی ریشتەر، شارەکانی ئەهەر و وەرزقانی لە ئازەربایجانی ئێرانی هەژاند و زیاتر لە ٣٠٠ کەس لەو بوومەلەرزەیەدا گیانیان لە دەست دا.
نەبوونی خزمەتگوزاریی و فریا کەوتن، کێشەی جیدیی و بەتایبەت لە وەرزی سەرمادا بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزی وەرزقان دروست کردووە و رێژیمی ئێرانیش بەربەست بۆ چالاکیی مرۆڤدۆستانەی ناوەندە جۆراوجۆرەکان و گەیاندنی هارییکارییەکان بە لێقەوماوانی دروست کردووە.