کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەیاننامەی هاوبەشی حیزبی دێمۆكرات و كۆمەڵە بەبۆنەی رووداوی قوتابخانەی شیناوێ‌

16:24 - 16 سەرماوەز 2712

كوردستان میدیا: حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران و كۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران بەبۆنەی رووداوی قوتابخانەی شیناوێ‌ لە پیرانشار و سووتانی ژمارەیەك قوتابیی كچ بەیاننامەیەكی هاوبەشیان بڵاو كردەوە.

دەقی بەیاننامەكە بەم چەشنەیە:

بەپێی خەبەرە گەیشتووەكان لە پیرانشار سەرلە بەیانیی رۆژی چوارشەممە رێكەوتی 15ی سەرماوەز خوێندنگەیەكی سەرەتایی كچان لە ئاوایی شیناوێی نزیك بە شاری پیرانشار ئاوری گرتووە‌و لە ئەنجامدا 37 كچە قوتابیی پۆلی چواری سەرتایی تووشی سووتان ‌و برینداربوون هاتوون. ژمارەیەك لەو منداڵە سووتاوانە كە برینەكانیان قورس بووە، بۆ چارەسەر كردن رەوانەی نەخۆشخانەی شارەكانی دەورووبەر كراون و بەپێی دوایین هەواڵ و زانیارییەكان چەند كەس لەو منداڵە بەركەوتوانە باری تەندورستییان ناجێگرە و مەترسیی مردنیان لەسەرە.

هۆی ئەم رووداوە دڵتەزێنە ئاگرگرتنی سۆبەیەكی نەوتی بووە كە بۆ گەرم كردنی كلاسی دەرسی ئەم منداڵانە كەڵكی لێ‌ وەرگیراوە. ئەوە لە حاڵێك دایە كە گوندی شیناوێ‌ لوولەكێشی گازی بۆ كراوە ‌و زۆربەی دانیشتوانی بۆ پێویستییەكانیان لە گاز كەڵك وەردەگرن، بەڵام هێشتا بۆ گەرم كردنی ئەو قوتابخانە لە كوورەی نەوتی كەڵك وەرگیراوە.

بێگومان هۆی ئەم رووداوە دڵتەزێنانە كە ماوەبەماوە بۆ قوتابییەكان دێتە پێش ‌و بەشێكشیان لە راگەیاندنەكانەوە بڵاو دەبنەوە، دەگەڕێتەوە بۆ كەمتەرخەمی ‌و لێنەپرسینەوەی بەرپرسانی حكوومەت ‌و بایەخنەدان بە گیانی قوتابییان. لەم هەڵومەرجە دژوارەدا كەلە سایەی حكوومەتی كۆماری ئیسلامیدا خەڵكی ئێران بەگشتی ‌و قوتابییان ‌و لاوان رۆژانە بەرەوڕووی نەهامەتی ‌و لێقەوماوی زیاتر دەبنەوە، رێژیمی كۆماری ئیسلامی لە جیاتی چارەسەركردنی ئەو بارودۆخە نالەبارە خەریكی دەستێوەردان ‌و بە فێڕۆدانی سەروەت ‌و سامانی ئەو خەڵكە برسی ‌و لێقەوماوەیە لە وڵاتانی دیكە.
ئێمە وێڕای مەحكووم كردنی ئەو سیاسەتە دژی گەلییەی رێژیم، داوا دەكەین بنەماڵەی هەموو قوتابییانی قوتابخانەی گوندی شیناوێ‌ ‌و باقی قوتابخانەكانی پیرانشار، بە پشتیوانیی هەموو خەڵكی پیرانشار بە هەر شێوەیەك بۆیان دەكرێ‌ زەخت بخەنە سەر رێژیم بۆ ئەوەی بەرپرسانی ئەم رووداوە لێپرسینەوەیان لێ بكرێ‌ ‌و بەسزای خۆیان بگەن بۆ ئەوەی چی دیكە منداڵانی ئێمە نەبنە قوربانیی ئەو چەشنە كەمتەرخەمییانە.
هەروەها وێڕای دەربڕینی خەم ‌و پەژارەی خۆمان لەو رووداوە دڵتەزێنە، هاودەردیی خۆمان لەگەڵ هەموو قوتابیانی پیرانشار و بەتایبەت قوتابییانی برینداری قوتابخانەی شیناوێ‌ دەردەبڕین ‌و هیوای چاكبوونەوەی خێرایان بۆ بە ئاوات دەخوازین.
حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران
كۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران

١٣٩١/٩/١٦هەتاوی
٢٠١٢/١٢/٠٦ی زایینی