کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

منداڵانی سەربە \"ناوەندی نێرگز\"، بە بەڕێوە بردنی چالاکیی سەمبولیک، هاوخەمیان لەگەڵ قوربانیانی قوتابخانەی شیناوێ‌ دەربڕی

20:22 - 16 سەرماوەز 2712

کوردستان میدیا: منداڵانی سەربە ناوەندی نێرگز بۆ پەروەردەی فیکری و هونەری منداڵان و مێر منداڵانی کوردستانی ئێران، بە نیشانەی دەربڕینی هاودەردی لەگەڵ قوتابیانی کچی رووداوی ئاگرکەوتنەوەی خویندنگەی شیناوێ‌ چالاکییەکی سەمبولیکیان بەڕێوە برد.
بەپێی هەواڵی هەواڵنێری کوردستان میدیا، ئەو منداڵانە بە بەڕێوەبردنی ئەو چالاکییە سەمبولیکە هاوخەمیان لەگەڵ ئەو ٣٧ نەونەمامەی قوتابخانەی شیناوێ‌ کە لەحاڵی حازردا لە نەخۆشخانەی شارەکانی پیرانشار، ورمێ‌، و تەورێز و نەغەدە دان، دەربڕی.
ژاڵە ناوی یەکێک لەو منداڵە چاوگەشانەیە کە بەشداری ئەو چالاکییە بوو وتی: من خۆم لە منداڵانی کوردستانی ئێران و بەتایبەتی قوتابخانەی شیناوێ‌ پیرانشار جیا ناکەمەوە و هەست دەکەم کە برینی ئەو کچە سووتاوانە برینی منیشە.
شەپۆل یەکێکی دیکەی بەشدار بووانی ئەو چالاکییە سەمبولیکەیە کە بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە وتی: کاتێک کە ئەو هەواڵەم بیست زۆر ناراحەت بووم و بە بەردەوامی هیوای چاک بوونەوە بۆ ئەو هاونیشتمانییە کوردەانەم دەخوازم.
منداڵانی سەر بە ناوەندی نێرگز بە برین پێچ کردنی سەر و دەست و لاقی خۆیان ئەو پەیامەیان بە قوربانیانی رووداوی ئاگرکەوتنەوەی قوتابخانەی شیناوێ‌ دا کە منداڵانی کورد لەهەر شوێنێکی ئەو دونیایە بن، هەر دەم پشت و پەنای یەکترن.