کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەهۆی تەقەی هێزەکانی رێژیم کۆڵبەرێکی کورد لە سەردەشت کوژرا

15:28 - 18 سەرماوەز 2712

کوردستان میدیا: تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی رێژیم لە سەردەشت کۆڵبەرێکی کوردی کردە ئامانج و لە ئاکامدا گیانی لەدەست دا.
هەواڵدەریی کوردپا بڵاوی کردەوە، ئێوارەی رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ١٦ی سەرماوەز، لاوێکی کورد بەناوی سمکۆ رەیحانی کوڕی مەحموود، تەمەن ٢٠ ساڵ و خەڵکی گوندی بێران لە ناوچەی سەردەشت، لە شوێنێک بەناوی قەڵات لە نێوان دوو گوندی دۆڵە گەرم و دەرماناوێ کە سەرقاڵی کۆڵبەری بووە بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی رێژیم گیانی لە دەست داوە.
سمکۆ رەیحانی خێزاندار و خاوەن منداڵە و هەروەها بەپێی سەرچاوەکە دوو ساڵ لەوەپێشیش مەحموود رەیحانی باوکی سمکۆ بەهۆی هاتنی رنوو لە کاتی کۆڵبەریدا گیانی لەدەست داوە.
پاش ئەم رووداوە تەرمی سمکۆ بۆ نەخۆشخانەی سەردەشت راگوێزراوە و هەتا کاتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە تەرمەکەی رادەست بنەماڵەکەی نەکراوە.
ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بڵاوی کردووەتەوە، لە سەرەتای مانگی سەرماوەزەوە هەتا ئیستا ٦ هاووڵاتیی کۆڵبەری کورد بەهۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامی و ئەمنیەتییەکانی رێژیمەوە لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستانی ئێران کوژراو و بریندار بوون.