کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاووڵاتییەکی عەرەبی ئەهواز پاش نزیک بە ٥٥٠ رۆژ دەستبەسەرکران، چارەنووسی ناڕوونە

16:02 - 18 سەرماوەز 2712

کوردستان میدیا: دوای تێپەرینی ١٨ مانگ لە گیرانی هاوولاتییەکی عەرەبی ئەهواز، ناوەندە قەزایی‌یەکان ئامادە نین چارەنووسی دۆسیەی ئەو هاووڵاتییە بە بنەماڵەکەی رابگەیەنن.
مەسعوود دغاغلە خەڵکی شاری ئەهواز، ماوەی ١٨ مانگ لەمەوبەر بە تۆمەتی چالاکی لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان له‌دژی نیزام لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە.
ماڵپەڕی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی عەرەب بڵاوی کردەوە، هەتا ئێستا بنەماڵەی ئەو دەستبەسەر کراوە بۆ چەندین جار سەردانی ناوەندە ئەمنییەتیی ــ قەزایی‌یەکانی رێژیمی تارانیان کردووە و لەلایەن ئەو ناوەندانەوە هیچ وڵامێکیان پێ‌ نەدراوەتەوە.
بنەماڵەی مەسعوود دغاغلە نیگەرانی چارەنووسی کوڕەکەیانن و راشیانگەیاندووە، لەلایەن ناوەندە پێوەندیدارەکانەوە پێیان وتراوە دەبێ‌ کوڕەکەیان لەبیر بکەن.
چالاکانی مافی مرۆڤی ئەهوازی لەو باوەڕە دان زەخت و گوشاری رێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆسەر هاووڵاتییانی عەرەب زیادی کردووە و بە وتەی ئەو چالاکانە، ئەو زەخت و گوشارانە بە نیشانە مافویستیی هاووڵاتیانی عەرەبە.