کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سمینارێک لەژێر ناوی \"خۆگونجاندن\"، لە وڵاتی نوروێژ بەڕێوەچوو

14:27 - 19 سەرماوەز 2712

کوردستان میدیا: کۆمەڵەی کولتووریی کورد لە شاری ئوسلۆ سمینارێکی سەبارەت بە خۆگونجاندن لە وڵاتی نوروێژ بەڕێوە برد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی شەممە رێکەوتی١٨ی سەرماوەزی ١٣٩١ی هەتاوی، کۆمەڵەی کولتووریی کورد لە ئوسلۆی پایتەختی وڵاتی نوروێژ، سمینارێکی لەپێوەندی لەگەڵ خۆگونجاندن و لەژێر ناوی هاودەردی لەگەڵ منداڵانی قوتابخانەی گوندی شیناوێی سەربە پیرانشار، بەڕێوە برد.
پاش ناساندنی بڕگە و بابەتەکانی سمینارەکە لەلایەن بەڕێز مەنسوور عەزیزییەوە، دارا میران، باسێکی لەسەر کوردانی دانیشتووی نوروێژ و رەوتی خۆگونجاندن لە نێو ئەواندا هێنایە ئاراوە و تیشکی خستە سەر کێشە و بەربەستەکان، خاڵە ئەرێنی و لاوازەکان و شێوەی خۆگونجاندن و ئەو ناوەندە دەوڵەتی و پیشەییانە کەلە وڵاتی نوروێژدا کار دەکەن.
هەر لە پێوەندییەدا عەبدوڵڵا حیجاب، باسێکی لەبارەی ناسنامە و هاووڵاتی بوون لە نوروێژ، سیستمی کاری، پێوەندی و نزیکایەتی لەگەڵ نوروێژییەکان و رۆڵی خێزان لە پەروەردە کردنی منداڵ پێشکەش کرد.

ئەو سمینارە خەم و پەژارەی خۆی لەگەڵ قوتابییانی قوتابخانەی گوندی شیناوێی سەربە شاری پیرانشار، دەربڕی و هیوای خواست کە بە زووترین کات بارودۆخیان بەرەو باش بوون بچێت و برین و ئازارەکانی خۆیان و بنەماڵەکانیان سارێژ ببنەوە.
لە بەشێکی دیکەدا ئامادەبوان، وێڕای بەشداریی چالاکانە لە باسەکان، هیوایان خواست کە ئەو شێوە چالاکییانە، درێژەیان پێ بدرێ بۆ ئەوەی خزمەتی زیاتر بە کۆمەڵگەی کوردی لە وڵاتی نوروێژ بکرێ.