کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرژەوەندی ئێران لە ئۆپەراسیۆنی دیجلەدا ( عەلی پاڵانی)

15:10 - 19 سەرماوەز 2712

عەلی پاڵانی

ماوەیەك لەمەوبەر نووسینێكم لە ژێر ناوی ئۆپراسیونی دیجلە لە بەرژەوەندی كێدایە بڵاو كردەوە. لە چەند بڕگەی ئەو نووسینەدا بە وردی باسی ئەوەم كردووە كە ئێران لە پشتی ئەو ئۆپراسیونەوەیە. بەڵام ئێستا ئێران رووە شارەوەكەی ئاشكرا دەكا. چونكە تەرح و پلانێك كە داینابوو لە رێگای مالكییەوە بۆی جێبەجێ نەكرا و هەم لە باری سیاسی و هەم لە باری نیزامییەوە رووبەرووی شكست بۆەوە.

ئێران پێی وابوو لە ناكۆكی بەینی پارتەكانی هەرێمی كوردستان دا لە رێگای مالكییەوە شەڕێك لە ناوچەكە دا دروست دەكا و ئەرتشی مالكی و دیجلە دەست بە سەر سنوورەكانی باشوری كوردستان و رۆژئاوای كوردستان دەگرن و ئەوانیش بە (ئارەزووی خۆیان هەوڵی مانەوەی رێژیمەكەی ئەسەد و بردنی چەكوچۆڵ بۆیان ئەدن، و لە هەمان كاتدا وڵاتانی دژ بە رێژیمی ئەسەد بەم كێشانەوە سەرقاڵ دەكات. بەڵام بە خۆشییەوە هیچكام لەم پیلانانە بۆ ئێران جێبەجێ‌ نەكرا. بەڵكو بە پێچەوانەوە ماڵی كوردی یەك خستەوە و هەموو پارت و كۆمەڵێ مەدەنی و شەقامی كوردستانی یەك هەڵوێست كرد. دیجلەكەی مالكیش رووبەرووی هێز و توانای پۆڵایینی پێشمەرگەی كوردستان بوەوە، واتە هەر دوو پیلانی سیاسی و نیزامی كۆماری ئیسلامی تووشی شكست بوو. بۆیە ئێستا پەنای بردووە بۆ زمانێكیتر وفێڵ و شێوە رەفتار و كردار گەلێكیتر. چەند رۆژ لەمەو پێش ئاغای ساڵحی ئەڵێ لە نێوان جەلال تاڵەبانی و مالكی دا ئێمە تاڵەبانی هەڵدەبژێرین. ئەمە لە سیاست دا پێی ئەڵێن فرمێسكی تمساح چونكە ئەوەی لە ئەلف و بێی سیاسەت بزانی دەزانێ ئێرانە قسەی ئەوەل و ئاخر دەكات لە عێراق و بەتایبەت لە سەر حكوومەتەكەی مالكی. گەرچی كێشە كێشەی حكوومەتی هەرێمە و بەغدایە بەڵام ساڵحی پیلان گێڕانە ناوی شەخسێك و پارتێك زەق دەكاتەو بۆ ئەوەی جارێكیتر ناكۆكی لە بەینی پارتە كوردستانیەكان دا پێك بێنێ. هەر دوای قسەكانی ساڵحی هەیئەتێكی ئێران چاویان بە بەڕێز مام جەلال دەكەوەێ بۆ بە ناو چارە سەری كردنی كێشەی بەغدا و هەرێم بە بێ ئەوەی پرسێك بە سەرۆكی هەرێم بكرێت. هەر بۆیە كورد دەبێ زۆر وریا بێ لەم هاتووچۆی ئاژاوەگێڕانەی ئیران.من پێم وایە كورد نابێ ئیتر باوەڕی بە هیچكام لە سەركردەكانی عەرەب لە عیراق دا و ئەمریكا و بە گشتی كەس بكات بەڵكو لەم هەلە كەڵك وەرگرێت و بە شێوەی تاكتیكی رۆژ بۆ گێڕانەوەی ناوچە دابڕاوەكان لەم خاڵانەی خوارەوە كەڵك وەرگرێ.
ـ داوای گەرەنتی نێودەوڵەتی بكرێت بە كاتی دیاری كراوەو

ـ مانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ پاراستنی خەڵك وخاك هەتا كاتی جێبەجێ كردنی مادەی 140

ـ ئەنجومەنی كەركوك و شەخسی پارێزگار داوای مانەوەی هێزی پێشمەگە بكات بە نیشانەی پارێزگاری لەم ناوچانە

ـ كۆمەڵی مەدەنی و سەرجەم خەڵكی كوردستان و بەتایبەت خەڵكی كەركوك بە خۆپێشاندان داوای مانەوەی هێزی پێشمەرگە بكەن لە سەری سنووری ناوچە دابڕاوەكان و عیراق تا كاتی جێبەجێ كردنی مادەی 140

ـ كشانەوە و هەڵوەشانەوەی ئۆپەراسیونی دیجلە وەك سپایەكی ئاژاوەگێڕ كە سەركردەكانی دەستیان هەبووە لە ئەنفالی خەڵكی كوردستان.