کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حکوومەتی بەحرێن: رێژیمی ئێران بە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ناوچەکە دێتە ئەژمار

16:04 - 19 سەرماوەز 2712

کوردستان میدیا: وەزیری دەرەوەی بەحرێن وێڕای رەخنە لە دەستێوەردانەکانی ئێران لەکاروباری وڵاتان وتی، ئەو رێژیمە بە مەترسییەکەی گەورە بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە دێتە ئەژمار.
شێخ خالد بن ئەحمەد وتیشی: رێژیمی ئێران هیچ هاوکارییەکەی شۆرای هاوکاری کەنداو ناکات و زۆر جاریش هەڕەشە لە ئەندامانی ئەو شۆرایە دەکات.
وەزیری دەرەوەی بەحرێن بە رۆژنانەمەی گلف دیلی نیوزی راگەیاندووە، لەحاڵی حازردا رێژیمی تاران لە هەوڵی ئەوە دایە کە دەستی بە چەکی ئەتۆم رابگات.
هەر لەو پێوەندییەدا چەند رۆژ لەمەوبەر سنای ئەمریکا خولێکی دیکەی گەمارۆی لە راستای تەحریمەکانی پێشوو و بە مەبەستی پێشگیری لە دەست پێڕاگەیشتنی رێژیمی تاران بە چەکی ئەتۆم بەدژی ئەو وڵاتە پەسند کرد.
ئەو گەمارۆیە سەرجەمی ئەو بانکە دەرەکییانەی کە کاری ئاڵوێر و گواستنەوەی پارە و دراو لە بواری پێشەیی، کەشتیوانی، کەشتی سازی و هەموو جۆرەکانی وزە بۆ رێژیمی ئێران ئەنجام بدەن، لەخۆ دەگرێت.
بەهۆی گەمارۆکانی یەکیەتیی ئورووپا و ئەمریکا، ئابووریی رێژیمی ئیسلامیی ئێران تووشی قەیرانێکی چارەسەر نەکراو هاتووە و ئەو قەیرانە لە بەشی نەوت و دەرمان و زۆر ناوەندی دیکەدا خۆی دەرخستووە.
ماوەیەک لەمەوبەریش لە ٦٧مین دانیشتنی کۆمیتەی سێیەمی کۆمەڵەی گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بڕیارنامەیەک بە دژی رێژیمی ئێران پەسند کرا.
ناوەڕۆکی ئەو بڕیارنامەیە لەسەر پێشنیاری دەوڵەتی کاناداوە ئامادە کرابوو و لەلایەن ٤٢ وڵاتەوە پاڵپشتیی لێ کرا.