کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دژبەرانی رێژیمی سووریه: بەشار ئەسەد لەدژی ئوپۆزسیۆن چەکی کیمیایی بەکار هێناوە

20:32 - 19 سەرماوەز 2712

کوردستان میدیا: گرتە ڤیدیۆیەک بڵاو بووەتەوە کە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن هێزەکانی رێژیمی بەشار ئەدەوە نیشان دەدات و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش پێشتر لەو پێوەندییەدا نیگەرانیی خۆی دەربڕیبوو.
چالاکانی مافی مرۆڤ ڤیدیۆی ژمارەیەک ژن و منداڵیان بڵاو کردووەتەوە کە تێیدا ئاسەواری بەکار هێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن رێژیمی سووریه بەرچاو دەکەوێت.
کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش لە رۆژانی رابردوودا لەهەمبەر ئەگەری بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن رێژیمی سووریەوە نیگەرانیی خۆیان دەربڕی بوو.
لە هەمان کاتیشدا دژبەرانی رایانگەیاندووە کە کۆمەڵێک کەرەسەی نیزامییان لە هێزەکانی رێژیمی بەشار ئەسەد بە دەست هێناوە کە تێیدا چەکی کیمیاییش دەبینرێت.
بەپێی ئەم راپۆرتە ئەرتشی ئازاد ژمارەیەک لە هێزەکانی رێژیمی بەشار ئەسەدی بەدیل گرتووە کە لەلایەن ئەوانەوە چەکی کیمیایی بەکار هێنراوە.
ئەمە لە حاڵیک دایه کە وەزارەتی دەرەوەی رێژیمی سووریه بە ناردنی نامەیەک بۆ سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەرپرسی ئەنجومەنی ئاسایش رایگەیاندووە: ئەگەر رێژیمی سووریه چەکی کیمیایی بەدەستەوە بێت قەت لەدژی دژبەران بەکاری ناهێنێت.