کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە چاڵدوران ژنێک بەهۆی تووش بوونی مێردەکەی بە مادەی هۆشبەر خۆی سووتاند

13:22 - 20 سەرماوەز 2712

کوردستان میدیا: دایکی سێ منداڵ لە شاری چاڵدوران، بەهۆی تووش بوونی مێردەکەی بە مادەی هۆشبەر، ئاگری لە جەستەی خۆی بەر دا.
ماڵپەڕی ئاڤێستا کورد بڵاوی کردەوە،لە شارستانی چاڵدوران ژنێک بەناوی س، م، تەمەن ٢٥ ساڵ و دایکی سێ منداڵ بەهۆی تووش بوونی مێردەکەی بە مادەی هۆشبەری هێرۆئین ئاگر لە جەستەی خۆی بەرداو و گیانی لە دەست دا.
سەرچاوەکە ئاشکراشی کرد، ئەم ژنە هەوڵی زۆری داوە هەتا مێردەکەی لەو مادە مەترسیدارە رزگار بکات، بەڵام سەرکەوتوو نەبووە و لە ئاکامدا خۆی سووتاندووە.
له ناوچەی چاڵدوران بە شێوەیەکی مەترسیدار مادەی هۆشبەر و بەتایبەت هیرۆئین بڵاو بۆتەوە و گیانی هاووڵاتییان و لاوان و بەتایبەت منداڵانیشی خستووەتە مەترسییەوە.
بەوتەی کەسانی ئاگادار سپای پاسدارانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لەرێگای دەست و پێوەندییەکانێەوە بە شێوەیەکی بەربڵاو لە پارێزگاکانی کوردستانی ئێران مادەی هۆشبەر لە نێو هاووڵاتییاندا بڵاو دەکاتەوە.
بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی فارس، پارێزگای کرماشان زیاترین رێژەی تووش بوون بە مادەی هۆشبەر لە نێو پارێزگاکانی ئێراندا لەخۆ دەگرێت و لەو پارێزگایەدا تەمەنی تووش بوون بە مادەی هۆشبەر لە نێوان ٢٠ هەتا ٢٥ ساڵ دایه.