کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بارودۆخی تەندروستیی ژمارەیەک لە قوتابیانی شیناوێ‌ ناجێگیرە/ ئەگەری گیان لەدەست دانی بەشێک لەو قوتابیانە لەئارا دایە

14:09 - 20 سەرماوەز 2712

کوردستان میدیا: دوابەداوی گیان لەدەست دانی یەکێک لە قوتابیانی رووداوی ئاگرگرتنی قوتابخانەی شیناوێ‌، ئەگەری گیان لەدەست دانی ژمارەیەک لە قوتابیانی سووتاو لە نەخۆشخانەی سینای شاری تەورێز لەئارا دایە.
وتەبێژی کۆمیسیۆنی ئامووزش و لێکۆلینەوە لە مەجلیس، بە هەواڵدەریی خەبەر ئانلاینی راگەیاندووە، بارودۆخی تەندروستی ٤ کەس لەو کچانەی کە رەوانەی نەخۆشخانەی سینا لە شاری تەورێز کراون رۆژ لە دوای رۆژ بەرەو خراپی دەڕوات.
ئێوارەی رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٩‌ی سەرماوەز گیان لەدەست دانی سەیران (موژگان) یەگانە یەکێک لەو قوتابیانەی نەخۆشخانەی سینا، خەڵکی ئاوایی شیناوێ‌ و ناوچەکەی رەشپۆش کرد.
پزیشکانی پسپۆڕی نەخۆشخانەی سینای تەورێز هۆکاری گیان لەدەست دانی ئەو نەونەمامەیان بۆ زۆر بوونی پلەی سووتانەکەی و دروست بوونی کێشە لە سییەکانیدا گەڕاندووەتەوە.
بە هۆی بێ‌ ئیمکاناتی و کەمتەرخەمیی ئیدارەی پەروەردە، ژمارەیەک قوتابیی کچی پۆلی چواری سەرەتایی کە سەرلە بەیانیی رۆژی چوارشەممە لە پۆلەکانیان ئامادە بوون، بە هۆی تەقینەوەی کوورەی نەوتی پۆلەکەیان بوونە قوربانی.
کەڵک وەرگرتنی ئەو پۆڵە نەونەمامانە لە کوورەی نەوتی، لەحاڵێک دایە کە رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە بەردەوامی باس لە خزمەتگوزارییەکانی بۆ کوردستان و شار و لادێیەکان دەکات.
قوتابخانەی انقلاب اسلامی لە ئاوایی شیناوێ‌ سەرەڕای داواکاریی چەندین جارەی هاووڵاتییانی ئەو ئاواییە، لە کەڵک وەرگرتن لە گازی شاری بێبەری کراون.
بەوتەی رەسووڵ خزری نوێنەری شاری پیرانشار و سەردەشت لە مەجلیسی رێژیم، قوتابخانەی انقلاب اسلامی بە یەکێک لە بینا کۆنەکان دێتە ئەژمار و پێویستیی به نوژەن کردنەوەیە.
هەر لەو پێوەندییەدا کارناسانی ئاگر کوژێنەوەش هۆکاری سووتانی پۆڵی چواری سەرەتایی قوتابخانەی شیناوێ‌بۆ کۆن بوونی بیناکە و نەبوونی سیستمی گەرمایی ستاندارد گەڕاندووەتەوە.