کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەیاننامەی کۆمیتەی هاوکاریی هێزە سیاسییەکانی کورد و کوردستانی لە سوید بە نیشانەی پشتیوانی لە هێزی پێشمەرگە

15:47 - 20 سەرماوەز 2712

کوردستان میدیا: کۆمیتەی هێزە سیاسییەکانی کورد و کوردستانی لە سوید لە بەیاننامەیەکدا پشتیوانیی خۆی لە هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان دەربڕی.
نوسخەیەک لەو بەیاننامەیە بە ماڵپەری کوردستان میدیا گەیشتووە کە ئەمەش دەقەکەیەتی:
ئێمە پشتیوانی لە هێزی پێشمەرگە دەکەین

هاووڵاتییانی هێژا

سپای عێراق لەم دواییانەدا بە چەک و جبەخانەی قورسەوە لەژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی دیجلە و بە مەبەستی داگیر کردنی کەرکووک و ناوچە دابڕێنراوەکان، هێرشی کردووەتە سەر خاکی کوردستان.
رووخاندنی رێژیمی بەعسی فاشیست و جێبەجێ کردنی سیستمی فیدراڵی، هیوا و ئۆمیدێکی وای دایه گەلی کورد کەلە نێو ئازادی و پرنسیپەکانی دێمۆکراتیکدا رێز لە مافەکانی کورد و هەموو کەمە نەتەوەکانی دیکە دەگیردرێت و جارێکی دیکە لەلایەن حکوومەتی ناوەندییەوە پێشێل دەکرێت.
بەڵام مخابن حکوومەتی عێراق، مادەی ١٤٠ و هەموو رێککەوتنەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق و ئەو دەستوورەی کە مافەکانی گەلی کوردی تێدا جێگیر کراوە، فەرامۆش کردووە و لەبری ئەوانە هێرشی کردووەتە سەر خاکی کوردستان.
ئەو دەسەڵاتە هێرشبەرە، دوژمنانی خۆی و هەرێمی کوردستانی بە شەڕی دوو میللەت (عەرەب و کورد) ناساندووە و لە روانگەی نژاد پەرستییەوە دەخوازێ کێشەی سیاسی، بەهێز چارەسەر بکات، سیاسەتی کورد لە رابردوو و ئێستاشدا، سیاسەتی برایەتی و تەبایی میللەتانی عێراقە.
ئێمە وەکوو کۆمیتەی هاوکاریی هێزە سیاسییەکانی کورد و کوردستانی، خوازیارین خوێن نەڕژێ و ئەم کێشانە لە رێگای وتووێژ و سیاسییانە چارەسە بکرێن، چونکە کێشەی سیاسی بە شەڕ و توندوتیژی چارەسەر ناکرێ و تاکە رێگاش تەنیا رێگای دیالۆگە و شەڕیش لە بەرژەوەندیی گەلانی عێراقدا نییه.
دەستووری عێراق ئەو مافەی بە پێشمەرگە داوە کە دەسکەوتە نەتەوەییەکانی گەلەکەی و خاکی کوردستان و ئازادی میللەتەکەی و پرۆسەی دێمۆکراتی و ژیان و ماڵی هاووڵاتییان بپارێزێ.
ئێمە وەکوو کۆمیتەی هاوکاریی هێزە سیاسییەکانی کورد و کوردستانی کە نوێنەرایەتیی ٢٧ پارتی سیاسی لە هەر چوار پارچەی کوردستان لە سوید دەکەین، دژی ئەو هیرشەین و بە هەموو هێز و توانایەکمانەوە پشگیریی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکەین.
داوا لە هەموو هاووڵاتییانی کوردستان دەکەین، کە یەکدەنگ بن و بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە نەتەوایەتییەکان و ژیان و ماڵی خەڵکی کوردستان، پشتیوانی و پشتگیریی پێشمەرگەی کوردستان بکەن.
کۆمیتەی هاوکاریی هێزە سیاسییە کورد و کوردستانییەکان/ سوید

١٦ی سەرماوەزی ١٣٩١ی هەتاوی