کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٨٠ چالاکی سیاسی و مەدەنیی کوردستانی ئێران،رەخنەیان لە هەڵاواردنی ئاشکرای ناوەند و ناوچە بێ‌بەشەکان گرتووە

19:42 - 20 سەرماوەز 2712

کوردستان میدیا: ٨٠ چالاکی سیاسی و مەدەنیی کورد بە بڵاو کردنەوەی بەیاننامەیەک و بە ئاماژە بە بریندار بوونی ٣٧ قوتابیی قوتابخانەی شیناوێ، خوازیاری دەست لەکار کێشانەوەی خێرای وەزیری پەروەردەی رێژیمی ئێرانن.
ئەم چالاکانە لەو بەیاننامەیەدا کە رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢٠ی سەرماوەز بڵاویان کردووەتەوە، بەهۆی روودانی کارەساتی زۆر بۆ قوتابیان لە قوتابخانە و لە کاتی خولە گەشتیارییەکانی وەزارەتی پەروەردەدا خوازیاری دەست لە کار کێشانەوە، یان لەسەر کار لابردنی حەمیدرەزا حاجی‌بابایی لە پۆستەکەی خۆی دان.
ئەو چالاکە کوردانە زۆربەیان کەسایەتیی ئاکادێمیک و سێ کەسیشیان نوێنەری پێشووی مەجلیسی رێژیمن کەله کەمیی پێداویستی لە ناوچە بێ‌بەش کراوەکانی ئێران و بەتایبەت شار و ناوچەکانی کوردستانی ئێران رەخنەیان گرتووە و ناڕەزایەتیی خۆیان لەهەمبەر هەڵاواردنی ئاشکرای نێوان ناوەند و ناوچەکانی دیکە دەربڕیوە.
چالاکانی سیاسی و مەدەنیی کورد رەخنەشیان لە خوێندنی قوتابییان لە قوتابخانە پرتووکاو و کۆنەکان و قەرەباڵغی ناستاندارد بوونی پۆلەکان و هەروەها نەبوونی بەرنامەی پەروەردە و بارهێنانی نوێ و پێشکەوتوو گرتووە.
داواکاریی دەست لەکار کێشانەوەی ئەو چالاکانە دوای ئەوە هاتووەتە ئاراوە کە حەوتووی رابردووش رەسووڵ خزری نوێنەری پیرانشار لە مەجلیسی رێژیم، خوازیاری دەست لەکار کێشانەوەی وەزیری پەروەرە و فێرکردنی رێژیمی ئیران بووە و گوتوویەتی: لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانە کارەساتی لەو چەشنە روو بدات، وەزیری پەروەردەی ئەو وڵاتە دەست لەکار دەکێشێتەوە.
رێکەوتی ١٦ی سەرماوەزیش نوێنەرانی شارەکانی پارێزگای ورمی لە مەجلیسی رێژیم، خوازیاری وەڵام دانەوەی وەزیری پەروەردەی رێژیمی ئێران سەبارەت بە ئاگر گرتنی قوتابخانەی شێناوێ بوون.
رێکەوتی ١٥ی سەرماوەز بەهۆی ئاگر گرتنی سۆبەی نەوتیی قوتابخانەی سەرەتایی کچانەی گوندی شیناوێ لە پیرانشار، ٣٧ قوتابی بریندار بوون کە باری تەندروستیی ٨ کەسیان ناجێگیر راگەیەنراوە.
پاش چەند رۆژ لەو کارەساتە، رێکەوتی ١٩ سەرماوەز یەکێک لەو قوتابییانە بەناوی سەیران (موژگان) تەمەن ١٠ ساڵ بەهۆی کاریگەر بوونی سووتانەکەی، کۆچی دوایی کرد.
وەزیری پەروەردەی رێژیمی ئێران مامۆستای ئەو قوتابخانەیەی بە تۆمەتباری سەرەکیی ئەم رووداوە لەقەڵەم داوە.
لە لایەکی دیکەشەوە ١٥ نوێنەر لە مەجلیس لە هەوڵی لەسەر کار لابردنی وەزیری پەروەردەی رێژیمی ئێران دان.