کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی یەكیەتی پیشەیی مامۆستایانی كوردستانی ئێران لەپێوەندیی مەحكووم كردنی لێدوانەكانی وەزیری پەروەردە

13:58 - 21 سەرماوەز 2712

كوردستان میدیا: یەكیەتی پیشەیی مامۆستایانی كوردستانی ئێران وێڕای مەحكووم كردنی قسەی گاڵتەئامێزەكانی حاجی بابایی داوا لە مامۆستایانی بەهەڵوێست و نیشتمان پارێز كرد ئەم جۆرە سوكایەتیانە مەحكوم بكەن و بێ وەڵامیان نەهێڵنەوە.

دوابەدوای لێداونەكانی حاجی بابایی وەزیری پەروەردە و بارهێنانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لەمەڕ سووتانی قوتابخانەی شیناوێ‌، یەكیەتی پیشەیی مامۆستایانی كوردستانی ئێران پەیامێكیان بڵاو كردەوە.
نوسخەیەك لەو پەیامە بە ماڵپەڕی كوردستان میدیا گەیشتووە

دەقی پەیامەكە:
خەڵكی بەشەڕەفی كوردستان، مامۆستایان و قوتابیانی كۆڵنەدەر

هەر وەك ئاگادارین كۆماری سێدارە بەردەوام كەمتەرخەم بوە لە بایەخ پێدان بە قوتابی و قوتابخانەكانی كوردستان و ناوچە كەمایەتی نشینەكان و هیچ كات بە شێوەی گونجاو گرینگی پینەداوە و لانی كەمی ستانداردەكانیشی بۆ تەرخان نەكردوون، ئەم ئەگەرەش بۆتە هۆی روودانی كارەساتی گەورە و دڵتەزێن وەك ئەو كارەساتە مرۆڤیەی كە لە گوندی شیناوێ ی پیرانشار روویدا.
بەڵام بەداخەوە وەزیری پەروەردە حاجی بابایی هەروەك سەرجەم مل هۆڕانی ئەم كۆمارە تاریك پەرەستە بەجێی تێهەڵهێنانەوە و قەرەبوو كردنەوەی ئەم كارەساتانە و هەوڵدان بۆ بەرگریكردن لە كارەساتی لەم جۆرە لە داهاتوودا و هەروەها دۆزینەوەی هۆكار و سزادانی كەسانی بەرپرس و كەمتەرخەم، بە شێوەیەكی گاڵتەئامێزەوە مامۆستا بە هۆكاری سەرەكی و كەسی تاوانبار دەناسێنێت و دەڵێت: هەر لە ئێستاوە...تا رۆژی قیامەت داوای لێبوردن دەكەم بۆ هەر كارەساتێك كە لە پەروەردەی وڵاتدا بێتە ئاراوە.
هەر بۆیەش یەكیەتی پیشەیی مامۆستایانی كوردستانی ئێران وێڕای مەحكوم كردنی ئەم وتە و قسەی گاڵتەئامێزی لەم جۆرە، داوا لە مامۆستایانی هەڵوێست گر و نیشتمان پارێز دەكات ئەم جۆرە سوكایەتیانە مەحكوم بكەن و بێ وەڵامیان نەهێڵنەوە.

داوا لە مامۆستایانی كورد و سەرجەم مامۆستایانی ئێران دەكەین زیاتر لە پێشوو هاوهەڵوێست تر بن و هەنگاوەكانتان رێك بخەین.
یەكیەتی پیشەیی مامۆستایانی كوردستانی ئێران
١٩ی سەماوەزی ١٣٩١‌ی هەتاوی