کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەهۆی داخرانی کارخانەی زاگرۆس، ٤٠٠ کرێکار بێ‌کار بوون

14:08 - 21 سەرماوەز 2712

کوردستان میدیا: چالاکێکی کرێکاری هەواڵی داخرانی کارگەی زاگرۆس و لە ئاکامیشدا بێ‌کار بوونی ٤٠٠ کرێکاری بڵاو کردووەتەوە.
محەممەد گوودەرزی بە هەواڵدەریی ئیلنای گوتووە: کارگەی زاگرۆس خودرەو لە شاری بروجێرد بەهۆی زیاد بوونی کێشەی ماڵی داخراوە و ٤٠٠ کرێکاری ئەو کارخانەیە، سەرەڕای وەرنەگرتنی مووچەی ٣ مانگیان، بێ‌کار بوون.
ناوبراو وێرای ئاماژە بەوەی کە ژمارەیەک لەو کرێکارانە پێشتریش لەسەر کارەکانیان دەر کرابوون، گوتی: کەرەسەکانی بەرهەمهێنانی ئەم کارخانەیە کەلە وڵاتی مالیزییەوە هاوردە دەکرا، لە چەرخەی ئابووری چوونەتە دەرەوە.
ئەم چالاکە کرێکارییە هەروەها گوتی: هاتنی ئەم کارخانەیە بۆ ئێران لە ماوەی ١٤ ساڵ چالاکییدا، تەنیا کاری مۆنتاژی کردووە و هیچ تەکنۆلۆژییەکی بۆ پیشەی ئەم وڵاتە نەبووە و بگرە ٢٥٠ هێکتار لە نەخت‌ترین زەوییەکانی ناوچەکەشی داگیر کردووە.

هەر لەو پێوەندییەدا كارگەكانی بەرهەم هێنانی چایی لە باكووری ئێرانیش بەرەوڕووی قەیرانی داخران بوونەتەوە و ٦٥ كارگەیان بە یەكجاری داخراون.
هەواڵدەریی ئیلنا لە زاری بێهزاد سازەندە جێگری بەرپرسی سەندیکای کارگەکانی چایی باکووری ئێرانەوە بڵاوی کردبووە، بەهۆی سیاسەتی نابەرپرسانەی رێژیم لە بواری کڕینی گەڵای سەوزی چایی لە ورزێڕانی ئەو پیشەیە، زیاتر لە ٦٥ کارگەی بەرهەمهێنانی چایی لە باکووری ئێران داخراون.
لە کۆی ١٨٠ کارگەی بەرهەمهێنانی چایی لە باکووری ئێران، ٦٥ کارگەیان داخروان و ١١٥ کارگەش بە شێوەی نیوەچڵی کار دەکەن.