کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

محەممەد سەدیق کەبوودوەند: هاووڵاتییانی ئێران لەماوەی دەسەڵاتداریەتیی رێژیمی تاراندا بە ماف و ئازادییەکانیان نەگەیشتوون

14:43 - 21 سەرماوەز 2712

کوردستان میدیا: محەممەد سەدیق کەبوودوەند سەرۆکی بەندکراوی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان بە بۆنەی ١٠‌ی دێسامبر رۆژی جیهانیی مافی مرۆڤ، بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە بەیاننامەکەدا هاتووە، هیچ کەسێک ناتوانێ‌ حاشا لەوە بکات کە خەڵکی ئێران لە ماوەی ئەو سێ‌ دەیەدا نەک بە ماف و ئازادییەکانیان نەگەیشتوون بەڵکوو زۆر نەهامەتی و زۆڵم و زۆریشیان چێشتووە.
محەممەد سدیق کەبوودوەند باسی لەوەش کردووە، کە ئەو چەشنە بەیاننامانە (ئاماژەی بە بەیاننامەی رێکخراوی نێودەوڵەتیی مافی مرۆڤ) بە هیچ شێوەیەک ناتوانێ‌ باس لە راستیی ئازاری چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگەی ئێران وەک ژنان، لاوان، رووناکبیران، کرێکاران و گرووپەکانی دیکە بکات کەلە ماوەی دەسەڵاتداریەتیی رێژیمی ئێراندا ماف و ئازادییەکانیان پێشێڵ و زەوت کراوە.
ئەو چالاکەی مافی مرۆڤ لە درێژەی ئەو بەیاننامەیەدا نووسیویەتی: بە باوەڕی من ئەگەر بڕیارە کە ئیعدام و تێرۆر و بەردبارن مەحکووم بکرێ‌، پێویستە بێ‌ هیچ جیاوازییەک ئەو کارە بکرێ.
لە کۆتایی بەیاننامەکەی کەبوودوەنددا هاتووە، من وەکوو چالاکێکی مافی مرۆڤ داوا لە رێژیمی ئێران دەکەم کە مل بۆ بڕیارات و رێککەوتنامە نێودەوڵەتیی و ستانداردەکانی جیهانی لە پێوەندیی مافی مرڤ کەچ بکات و پابەندیان بێت.
بڕیارنامەی رێکخراوی نەتەوە ‌یەکگرتەوەکان لە ١٠ی دیسامبری ساڵی ١٩٤٨ پەسند کرا و ئەلینور رۆزڤێڵت بەرپرسی ئەو کاتی کومیسیۆنی رێکخراوی مافی مرۆڤ ئەو پەسند کراوەی بە ماگنا کارتا ناوزەد کرد.
ئەم بڕیارنامەیە، کە رێژیمی ئێرانیش یەکێک لە واژۆکەرانیەتی، لە ٣٠ خاڵ پێکهاتووە. ئەم ٣٠ خاڵانە هەموو مافەکانی حقووقی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و فەرهە‌نگیی مرۆڤ لە خۆی دەگرێت.