کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کرێکارانی کوشتارگای مەهاباد ماوەی ٧ مانگە مووچەیان پێ نەدراوە

19:41 - 21 سەرماوەز 2712

کوردستان میدیا: نوێنەری کرێکارانی کوشتارگای مەهاباد رایگەیاند، ماوەی ٧ مانگە لێپرسراوانی ئەو کوشتارگایە لە دانی مووچە بە کرێکاران خۆیان بواردووە.
ئەو نوێنەرە وتی، لێپرسراوانی پارێزگای ورمێ‌ زۆر زیاتر لە رادەی پێویست گۆشتیان هاوردە کردووە و هاوردە کردنی ئەو گۆشتەش کارتێکەریی لەسەر بەرهەمی ئەو کوشتارگایە داناوە.
نوێنەری کرێکارانی کوشتارگای مەهاباد بە هەواڵدەریی ئیلنای راگەیاندووە، ٣٦ کرێکار لەو کوشتارگایەدا سەرقاڵی کارن و ١٦ کەسیان سەرەڕای ئەوەی مووچەی ٧ مانگیان وەرنەگرتووە و جێژنانەی ساڵی پێشووشیان پێ‌ نەدراوە.
کوشتارگای شاری مەهاباد لە ساڵی ١٣٨٦دا نزیک بە ٢١٧ کرێکاری لە خۆ گرتبوو و رۆژانە زیاتر لە یەک هەزار ئاژەلیان سەر دەبڕی.
دوابەدوای گەمارۆکانی وڵاتانی ئورووپا و ئەمریکا بۆسەر ئێران، رۆژ لەدوای رۆژ کارگە و کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانی ئەو وڵاتە بەرەو داخران دەرون.
هەر لەو پێوەندییەدا کارگەکانی بەرهەمهێنانی چایی لە باکووری ئێرانیش بەرەوڕووی قەیرانی داخران بوونەتەوە و ٦٥ کارگەیان بە یەکجاری داخراون.
لە کۆی ١٨٠ کارگەی بەرهەمهێنانی چایی لە باکووری ئێراندا، ٦٥ کارگەیان داخروان و ١١٥ کارگەش بە شێوەی نیوەچڵی کار دەکەن.