کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژمارەیەک لە کەسایەتییە ئێرانییەکان لە نامەیەکدا هاوخەمییان لەگەڵ قوربانیانی قوتابخانەی شیناوێ‌ دەربڕی

13:27 - 22 سەرماوەز 2712

کوردستان میدیا: ژمارەیەک لە مامۆستایانی زانکۆ، نوێنەرانی پێشووی مەجلیس، پارێزەر، چالاکانی سیاسی، مەدەنی، خوێندکاری، مافی منداڵان و ژنان، هونەرمەندان، نووسەران و رۆژنامەوانانی ئێران لەگەڵ قوربانیانی قوتابخانەی شیناوێ‌ هاوخەمییان دەربڕی.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە نامەکەدا هاتووە کۆمەڵگای مرۆیی رۆژگارێکی زۆر سەخت و دژواری هەتا ئێستا تێپەڕاندووە و لە سەرجەم ئەو رووداوانەدا منداڵان زۆرترین خەساریان بەر کەوتووە. بو منداڵانی شیناوێ‌ بیرەوەری تاڵی منداڵانی قوربانیی دەستی چەکی کیمیایی سەردەشتمان بۆ زیندوو دەکاتەوە.
ئەو کەسایەتییانە لە بەشێکی دیکەی نامەکەیاندا نووسیویانە، ئەو دایکە جەرگ سووتاوانەی کە بە هەزاران هیوا و ئۆمێدەوە منداڵەکانیان وەبەر خوێندن ناوە، بەڵام دوای ماوەیەکی کورت لەگەڵ جەستەی سووتاویان بەرەوڕوو دەبنەوە.
لەدرێژەی نامەکەدا باس لەوە کراوە، سەیران ئەو قوتابیەی کە گیانی لەدەست دا ئێستاکە بۆتە سەمبولی بێ‌بەریی منداڵان لە سەرەتایی‌ترین پێداویستییەکانی پەروەردە و بارهێنان.
ئەو کەسایەتییانە داوایان لە لێپرسراوانی پێوەندیدار کردووە، کە کۆتایی بە ئەرکی نابەرپرسیارییەتیان بێنن و کێشەکان بە مەبەستی چارەسەر کردنی دەست نیشان بکەن.
ژمارەی ئەو کەسایەتییانەی کە نامەکەیان واژۆ کردووە ١٧٩ کەسه.