کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

میلیتاریزە کردنی کوردستان درێژەی هەیه/ ئەمجارە لە مەهاباد

14:03 - 22 سەرماوەز 2712

کوردستان میدیا: رێژیم لە زۆربەی گەڕەک و شەقامەکانی مەهاباد بە دانانی کامێرای شاراوەی چاودێری، هاتوچۆ و جموجۆڵی هاووڵاتییانی ئەو شارە کونترۆڵ دەکات.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ناوەندە ئەمنییەتییەکانی رێژیم لە شاری مەهاباد هاووڵاتییانی ئەو شارەیان خستۆتە ژێر چاوەدێرییەوە و لە چەندین شوێنی وەکوو، فەلەکەی مەلا خەلیل، فەلەکەی مام هەژار و فەلەکەی فەرمانداری کامێرای مەدار بەستەیان داناوە.
هەر لەو پێوەندییەدا زەخت و گوشاری هێزەکانی رێژیم بۆسەر خەڵکی کوردستان، بەتایبەتلە کرماشان و هەورامان چڕتر بووەتەوە و ئەم جموجۆڵانەی رێژیم دڵەڕاوکێی لە نێو دڵی هاووڵاتییاندا دروست کردووە.
لە گوندی دەرەکێ لە ناوچەی هەورامان، بە دانانی بورچەکی چاودێریی نیزامیی لە سەیرانگای قەڵاخانی، گەشتی رۆژانەی هێزە ئینتزامییەکان، پشکنین ماڵی هاووڵاتییان بەبێ‌ حوکمی یاسایی، راوەدوونان و بێ‌حورمەتی و زەخت و گوشاری لە رادەبەدەر خەڵکی ئەو گوندەی وەزاڵە هێناوە.
پارێزگای کرماشانیش لە شەپۆلی میلیتاریزە کردن بێ‌بەری نەبووە و هێزەکان لەو ناوچەیەدا لە حاڵەتی ئامادە باشی دان و تەنانەت لەگەڵ مورەخەسیی هێزەکانیشیان دژایەتی کراوە.
سەرەڕای ئەمانەش هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران داوای هاوکاری لە هاووڵاتییان لەمەڕ راپۆرت دانی هەر چەشنە جموجۆڵێکی گوماناوی دەکەن کە ئەم داوایە لەلایەن خەڵکەوە وەڵام نەدراوەتەوە.