کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێش نوێژێکی ئەهوازیی: سیاسەتی رەگەز پەرەستانەی رێژیمی ئێران بۆتە هۆی چوونە سەری رێژەی بێکاری لە ئەهواز

14:09 - 22 سەرماوەز 2712

کوردستان میدیا: ئیمام جومعەی احجار رایگەیاند، رێژیمی ئێران لە هەوڵی ئەوەدایە کە لە ناوچەکانی سەربە ئەهواز زیاتر کار بۆ فارسەکان دابین بکات و هاووڵاتییانی خۆجێیی خستۆتە پەراوێزەوە.
ئەو پێش نوێژە لەو باوەڕە دایە، رێژیمی ئێران لەو ناوچانە سەرقاڵی بەڕێوە بردنی سیستمی رەگەز پەرەستانەیە و ئەو کارەش رێژەی بێکاری لە نێو لاوانی ئەو ناوچەیەدا زیاد کردووە.

چالاکانی کرێکاریی ئەهواز بڵاویان کردەوە، عەلی ئیبراهیم پوور وتی: بەشێکی بەرچاو لەلاوانی ئەو ناوچەیە دەرچووی زانکۆن و لەحاڵی حازردا بێکاران.
هاووڵاتییانی عەرەب پێشتر بەشێکی بەرچاویان لە پڕۆژەی عەسەلوویەدا سەرقاڵی کار کردن بوون، بەڵام دواتر لەلایەن ناوەندە پێوەندیدارەکانەوە رێژەی ئەو کرێکارانە لە ٥٦ هەزار کەسەوە بۆ ٤ هەزار کەس کەم کرایەوە.
هەر لەو پێوەندییەدا نوێنەری شاری ئەهواز لە مەجلیسی رێژیم رایگەیاندبوو، بێکاری لەو ناوچەیە زۆڵمێکی زۆر گەورەیە کە دەرحەق نەتەوەی عەرەب دەکرێت.
لەو ناوچەیە کارخانەیەکی بەرهەمهێنای قەندیش بەبێ‌ هیچ هۆکارێکی روون داخرا و بەشێکی بەرچاو لە هاووڵاتییانی عەرەب کە لەوێدا کارییان دەکرد بێکار بوون.