کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەمارۆکان پیشەی کەشتیوانیی رێژیمی ئێرانی خستووەتە مەترسییەوە

15:47 - 22 سەرماوەز 2712

کوردستان میدیا: کۆمپانیا بازرگانییەکان لە ترسی لەدەست دانی قازانج و بەرژەوەندیی بازرگانیی خۆیان بەهۆی گەمارۆکانی ئورووپا، ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان لەدژی ئێران، هاوکاریی خۆیان لەگەڵ شیرکەتی کەشتیوانیی رێژیمی ئێران پچڕاندووە.
کەشتیوانیی ئێران بە راگواستنی زۆربەی نەوتی خاوی ئێران بۆ بازارەکانی جیهانی رۆڵێکی گرینگی لە ئابووریی ئێراندا هەیه.
حەوتووی رابردووش هەواڵدەریی رۆیتێرز بڵاوی کردەوە، راگرتنی هاوکاریی دامەزراوەکانی ناسراو بە رەدەبەندی لەگەڵ ئێران، مەترسیی چالاکیی نەوت‌هەڵگرەکانی ئێران زیادتر و ئەگەری رژانی نەوت لە قەراخ ‌ئاوەکانی وڵاتانی دیکە زۆرتر دەکات.
بەرپرسی بەڕێوەبەریی دامەزراوەی لۆیدیز کە گەورەترین دامەزراوەی رەدەبەندیی جیهانە، لە بەهاری ئەمسالەوە هاوکارییەکانی لەگەڵ رێژیمی ئێران راگرتووە و ئەمەش ئەگەری روودانی کارەسات بۆ کەشتییەکانی ئێرانیی هەڵگری نەوت زێدەتر دەکات.
دامەزراوەکانی رەدەبەندی بۆ نەوت هەڵگرەکان، مۆڵەتی تەندروستیی تەکنیکی دەردەکات و بەبێ ئەو مۆڵەتە هیچ نەوت‌هەڵگرێک ئیزنی لەنگەرگیریی لە لەنگەرگە نێودەوڵەتییەکاندا نییه.
لە هەمان کاتیشدا جێگری رێکخراوەکانی لەنگەرگەکان و دەریاوانیی ئێران، گوتوویەتی: گەمارۆکان خەساری لە پیشەی کەشتیوانیی ئێران داوە و ئەمەش ئەمنیەتی ژینگەی نێودەوڵەتی دەخاتە مەترسییەوە.