کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران گەیشتۆتە نزمترین ئاستی خۆی

19:34 - 22 سەرماوەز 2712

کوردستان میدیا: بەپێی تازەترین راپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە، بەرهەمهێنانی نەوتی رێژیمی ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە.
ماڵپەڕی رادیۆ فەرانسە بڵاوی کردەوە، لە دانیشتنی رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٢‌ی سەرماوەز وەزیری نەوتی رێژیمی ئێران داوای لە رێکخراوی ئۆپێک کردووە بەرهەمهێنانی نەوتی خۆی کەم بکاتەوە.
رێکخراوی ئوپێک رۆژانە ٣٠ میلیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت و رێژیمی ئێران داوای لێ کردووە ئەو بەرهەمهێنانە بگەیەنێتە ٢٨ میلیۆن بەرمیل لە رۆژدا.
ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە رایگەیاند، بەرهەمهێنانی نەوتی رێژیم بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و لێپرسراوانی ئەو ئاژانسە لەو باوەڕە دان ئەو دابەزینە هەتا ساڵی ٢٠١٣ درێژە دەکێشێت.
دوابەدوای پەسند کردنی خولێکی دیکە لە گەمارۆکانی سنای ئەمریکا بە دژی رێژیمی ئێران، وڵاتی سریلانکا بڕیاری داوه نەوت لەو وڵاتەوە هاوردە نەکات.
حکوومەتی تورکیەش رایگەیاندبوو، دەیهەوێ‌ لەمەوبەدوا نەوت لە ئێرانەوە هاوردە نەکات و نەوتی رووسیە جێگرەوەی نەوتی ئەو رێژیمە بکات.
رۆژنامەی حریت بڵاوی کردەوە، لەبەرەبەری سەردانی سەرکۆماری رووسیە بۆ تورکیە، لێپرسراوانی ئەو وڵاتە رایانگەیاندووە، لەمەوبەدوا دەیانهەوێ‌ نەوت لە رووسیەوە هاوردە بکەن.
لەلایەکی دیکەوە دەیڤید کۆهن جێگری وەزارەتی دارایی ئەمریکا و بەرپرسی بەشی خەبات لەدژی تیرۆریزم گوتوویەتی، ئەو وڵاتانەی کە نەوت لە رێژیمی بکڕن داهاتەکانیان بلۆکە دەکرێت.