کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمیتەی جیهانیی بەرگری کردن لە رۆژنامەوانان، ئێرانی بە خراپترین وڵات بۆ رۆژنامەنووسان لەقەڵەم دا

20:36 - 22 سەرماوەز 2712

کوردستان میدیا: کۆمیتەی بەرگری کردن لە رۆژنامەوانان کە بنکە سەرەکییەکەی لە ئەمەریکایە لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، گرتن و زیندانی کردنی رۆژنامەوانان لە سەرانسەری جیهاندا رکوردێکی بێ‌ وێنەی تۆمار کردووە.
بەپێی ئەو راپۆرتە، ئێران، تورکیە و چین وەکوو خراپ‌ترین و داخراوترین شوێن بۆ رۆژنامەوانان لەقەڵەم دراوە و راشیانگەیاندووە رێژیمی ئێران زۆر بێ‌ بەزیی‌یانە دەستی بە دەسبەسەر کردنی رۆژنامەنووسان کردووە.
لەو راپۆرتەدا هاتووە ٢٣٢ نووسەر و سەرنووسەر و رۆژنامەوانانی وێنەگر لە مانگی دێسامبر لە سەرانسەری جیهاندا دەسبەسەر کراون و ئەو رێژەیەش بە نیسبەت ساڵی ١٣٩٠ لە سەدا ٣٠‌ زیادی کردووە.
بەپێی راپۆرتی کۆمیتەی بەرگری کردن لە رۆژنامەوانان، لە ساڵی ٢٠١٢ ‌زایینیدا بەگشتیی لە سەرانسەری جیهاندا ٦٥ رۆژنامەوان کوژراون.
ئەو کۆمیتەیە بڵاوی کردۆتەوە، نزیک بە ٥٠ رۆژنامەوان لە گرتووخانەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران دان و محەممەد سەدیق کەبوودوەند و عەدنان حەسەن پوور دوو رۆژنامەوانی کوردن کەلە ریزی ئەو دەسبەسەر کراوانە دان.