کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەهمەن قوبادی لە پەیامێكدا هاوخەمی لەگەڵ قوربانیانی قوتابخانەی شیناوێ‌ دەربڕی

12:41 - 23 سەرماوەز 2712

كوردستان میدیا: بەهمەن قوبادی سینەماكاری ناوداری كورد روو بە قوتابیانی پۆلی چواری سەرەتایی شیناوێ‌ رایگەیاند،لەم زوڵمە، لە دەروونم بڵێسەی ئاور هەڵدەستێت. فرمێسكەكانم دێتەخوار، بەڵام دەنگم دەرنایە، بە شێوەیەك كە قوڕگم سووتاوە و لە رێگای دوورەوە جەستەكانتان ماچ دەكەم.
نوسخەیەك لەو پەیامە هاوخەمییە بە ماڵپەڕی كوردستان میدیا گەیشتووە.

دەقی پەیامەكە:
باش دەتانناسم. لە كاتی وێنەگرتنی زۆربەی فیلمەكانم بە جۆرێك لەگەڵمدا هاوڕێبوون. وزەم لە ئێوە دەگرت و پەرۆشی سەبارەت بە خواردن، جلووبەرگ، قوتابخانە دوورەكان، شەقامە نالەبارەكان، ... و ژیانی سەخت و بێ كەرەستەتان بەردەوام لەگەڵمدابوو.

لەو شەقامانەی كە تەنانەت ئەسپەكانیش بۆ تەحەمولی سەرما مەستیان دەكرد، ئێوە چەندین كیلۆمەتر رێگاتان دەپێوا تاكوو بچنە قوتابخانەی گوندی تەنیشتتان. لە نیشتمانەكەمدا ئەو سەختیانەم زۆر جار بینیبوو. هەندێك جار لە دوورەوە تەنیا خاڵی ڕەش بوون كە لە دڵی سپیبوونی بەفرەكاندا جووڵەتان دەكرد، كاتێك كە نزیك دەبوونەوە سەهۆڵ بە هەموو شۆنێكتان شووڕببۆوە. سڵاوێكتان دەكرد و ڕاتان دەكرد بە هیوای ئەوەی كە بە زووترین كات شوێنێك لە نزیك كورەی پۆلەكەتان بدۆزنەوە و هەندێك گەرما بە گیانی سەهۆڵاویتان بگەیەنن.
نەتاندەزانی ئەو كورەیەی كە دەستە چكۆلەكەتان بە دەورەییەوە بازنە كردووە رۆژێك جەستەتان بسووتێنێت و گیانتان لێبستێنێت.
لەم زوڵمە، لە دەروونم بڵێسەی ئاور هەڵدەستێت. فرمێسكەكانم دێتەخوار، بەڵام دەنگم دەرنایە، بە شێوەیەك كە قوڕگم سووتاوە. لە رێگای دوورەوە جەستەكانتان ماچ دەكەم. نازانم چ كاتێك، بەڵام دەزانم رۆژێك دێت كە ئەو پارەیەی كە دەبێت بۆ گەرمكردنی ئێوە خەرج بكرێت ئیتر نەچێتە گیرفانی ساختەچی و درۆزنەكانەوە كە دنیا لە دەستیان بێزار بووە. ئەو كەسانە شەرم بكەن كە ئێوەیان لە ئاوری خۆیاندا سووتاند و داوای لێبوردنیشیان خۆسووك كردنێكی بێشەرمانە بوو.

بەهمەن قوبادی