کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەتا ئێستا ١٣٠ وڵات بەرەی یەكگرتووی ئوپۆزیسیۆنی رێژیمی سووریەیان بە فەرمی ناسیوە

12:38 - 23 سەرماوەز 2712

كوردستان میدیا: زیاتر لە ١٣٠ وڵات و رێكخراوی نێودەوڵەتی بەرەی نوێی ئەرتشی ئازادی سووریە و ئەنجومەنی نیشتمانی ئەو وڵاتەیان بە فەرمی ناسی.
رێكەوتی ٢٢‌ی سەرماوەز كۆنفرانسێك لە ژێر ناوی دۆستانی خەڵكی سووریە لە مەراكێش بەڕێوە چوو و ئەو كۆنفرانسە بە زۆرینەی دەنگ ئەو بەرە نوێیەیان بە نوێنەری راستەقینەی خەڵكی سووریە لەقەڵەم دا.
پێشتریش دوابەدوای پێك هاتنی بەرەی یەكگرتووی ئوپۆزیسیۆنی سووریە ئەنجومەنی هاوكاریی كەنداو، وەزیرانی دەرەوەی یەكیەتی عەرەب، ئەمریكا و فەرانسە پشتیوانیی خۆیان لەو بەرەیە دەربڕیبوو.
سەركۆماری فەرانسە وێڕای لەقەڵەم دانی ئەو بەرەیە وەكوو نوێنەری راستەقینەی خەڵكی سووریە وتبووی: لەكاتی پێویستدا ئێمە پشتیوانی نیزامیش لەو بەرەیە دەكەین.
هەر لەو پێوەندییەدا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاندبوو، ئەو بەرەیە دەتوانێ‌ رەوتی رووخانی رێژیمی سووریە خێراتر بكات و ئەو وڵاتە بەرەو دێمۆكراسی ببات.
دوای تێپەڕینی زیاتر لە ٢١ مانگ لە گرژی و نائارامییەكانی سووریە، لایەن و هێزەكانی ناڕازیی رێژیمی سووریە توانیان لە دوحەی قەتەر بەرەیەكی یەكگرتوو پێك بێنن.
ئەحمەد موعاز خەتیب، پێش‌نوێژی پێشووی مزگەوتی ئومەوی لە دیمەشق وەك بەرپرسی ئەو بەرەیە دیاری كرا.