کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژمارەیەك لە كەسایەتییەكانی شاری شنۆ بەیاننامەیەكیان لەپێوەندیی رووداوی قوتابخانەی شیناوێ‌ بڵاو كردەوە

20:16 - 23 سەرماوەز 2712

كوردستان میدیا: لە بەیاننامەكەدا هاتووە، گرینگی نەدان بە قوتابخانەكانی كوردستان و بە تایبەت منداڵانی كورد بە هەڵاواردنێكی نەتەوەیی و سیاسەتێكی فاشیستانە لە لایەن كۆماری ئیسلامیەوە لە قەڵەم دەدەین و بە تووندی ئەو سیاسەتە مەحكووم دەكەین.
ژمارەیەك لە مامۆستایانی زانكۆ، خوێندكاران و چالاكانی مەدەنی لە شاری شنۆ، لەپێوەندیی رووداوی دڵتەزێنی ئاوایی شیناوێی سەر بە شاری پیرانشار بەیاننامەیەكیان بڵاو كردەوە.
نوسخەیەك لەو بەیاننامەیە بە ماڵپەڕی كوردستان میدیا گەیشتووە.

دەقی بەیاننامەكە:


بنەماڵەی بەڕێزی قوربانیان

خەڵكی بەشەرەفی شاری پیرانشار

جەماوەری خۆڕاگری كوردستان

بەداخەوە ئەو ساڵ و لە مانگی سەرماوەز بۆ جارێكی تر شاهیدی كارەساتێكی دڵتەزێن و خەمێكی گران كەوتە سەر دڵی هەموو خەڵكی كوردستان و بە تایبەت هاو نیشتمانانمان لە شاری پیرانشار، ئەویش رووداوی ئاگر كەوتنەوە لە قووتابخانەی منداڵان بە هۆی تەقینی سۆبەیەكی نەوتی، كە بوو بە هۆی سووتانی 38كەس لە نەمامەكانی نیشتمانەكەمان و بەداخەوە بە هۆی كاریگەر بوونی برینەكانیان تاكوو ئێستا 2كەس بوونەتە قووربانی.

ئێمە وەك بەشێك لە مامۆستایانی زانكۆ، خوێندكاران و چالاكانی مەدەنی لە شاری شنۆ، وێرای هاوخەمیمان لە گەڵ خەڵكی كوردستان بەگشتی و خەڵكی پیرانشار و بنەماڵەی قوربانیانی ئەو كارەساتە بە تایبەتی، هیوای هەرچی زۆۆتر باش بوونەوە بۆ بریندارەكان بە ئاوات دەخوازین. لە لایەكی تریشەوە رق و تووڕەیی خۆمان لە هەمبەر مەحرووم كردنی پێكهاتەكانی كوردستان لە گشت ئیمكاناتێكی پەروەردەیی دەردەبڕین و ئەو جنایەتەی كۆماری ئیسلامی و ئەو گرینگی نەدانەی بە قوتابخانەكانی كوردستان و بە تایبەت منداڵانی كورد بە هەڵاواردنێكی نەتەوەیی و سیاسەتێكی فاشیستانە لە لایەن كۆماری ئیسلامی لە قەڵەم دەدەین و بە تووندی مەحكوومی ئەو سیاسەتە دەكەین.

لە كۆتایدا بۆ جارێكی تر هاوخەمی خۆمان و خەڵكی شاری شنۆ بۆ بنەماڵەی قوربانیان دەردەبڕین و هیوای خۆڕاگری و سەبووریش بۆ كەس و كاریان هیوا خوازین .
كۆمەڵێك لە مامۆستایانی زانكۆ، خوێندكاران و چالاكوانانی مەدەنی شاری شنۆ
سەرماوەزی ١٣٩١‌ی هەتاوی